ڕێكخراوێك داوای “مانگرتن لە سێكس” لە ژنان دەكات تا پیاوان واز لە خواردنی گۆشت دەهێنن

خۆپیشاندانێكی ڕێكخراوی بیتا دژ بە خواردنی گۆشت

یەكێك لە گەورە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی پەیوەندیدار بە مافەكانی گیانداران و ژینگە داوا لە ژنان دەكات سێكسكردن لەگەڵ ئەو پیاوانەی گۆشت دەخۆن قەدەغە بكەن، ئەمەش مشتومڕ و سەرسوڕمانی لەبارەی جددیی بوونی داواكە هێناوەتە ئاراوە.

ڕێكخراوی “چالاكوانان لەپێناو مامەڵەی ئەخلاقی لەگەڵ گیانداران” كە بە كورتكراوەكەی (بیتا) ناسراوە لە پێگە ئەلیكترۆنییەكەیەوە داوای لە ژنان كردووە سەرجێی لەگەڵ پیاوان بوەستێنن تا بەتەواوی واز لە خواردنی گۆشتی گیانداران دەهێنن.

ڕێكخراوەكە لەو داوایەیدا توێژینەوەیەكی كردووەتە بەڵگە كە لە گۆڤاری PLOS ONEدا بڵاوكراوەتەوە و دەڵێت، پیاوان بەشدارن لە كارەساتەكانی گۆڕانی ئاووهەوا بە بڕێكی گەورەتر و جیاوازییەكی بەرفراوان بەراورد بە ژنان، لەڕێی بەكاربردنی گۆشتەوە، هەڵسوكەوتە خۆراكییەكانیان بووتەهۆی زیادبوونی قەتیسبوونی گەرما بەڕێژەی 41%.

ڕێكخراوەكە لە ڕاگەیەندراوەكەیدا دەڵێت، پیاوان پێویستیان بە “هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی كردەوەكانیانە. لەكاتێكدا توێژینەوەكە كاریگەریی كردەوەكانیانی لەسەر ئاووهەوا نیشانداوە.. پێویستە لەسەریان هەنگاوبنێن بۆ ڕاستكردنەوەی. ڕێگای ئاسان و زۆرتر تەندروست و ساكار بۆ ئەوەی ئەو كارە بكەن ئەوەیە ببنە ڕووەكی (ڕووەكخۆر)”.

ڕێكخراوە قازانج نەویستەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە خواستی پیاوان لەسەر خواردنی برژاو و گۆشتی سوورەكراو هێمایە بۆ “نێرینەی سامناك”، بۆیە هانی ژنان دەدات پەناببەنەبەر مانگرتن لە سێكس “بۆ ڕزگاركردنی جیهان”.

دوای ئەوەی بانگێشتەكە مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە، لۆرا وایمان جۆنز، بەڕێوەبەری بازاڕگەری ڕێکخراوەکە لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ “سکای نیوز ئوسترالیا” ڕوونیکردەوە، ئەو بانگهێشتنامەیەی کە لەلایەن لقی ڕێکخراوەکەیانەوە لە ئەڵمانیا دەرچووە لە بنەڕەتدا گرنگیدان نییە بە ژیانی سێكسیی خەڵك.

ئەو ڕوونیكردەوە، “ئەوەی ئێمە بەڕاستی گرنگی پێدەدەین هەسارەی زەوی و ئەو ئاژەڵانەیە كە لە ژیاندا هاوبەشن لەگەڵمان، بەوپێیەی ملیارەهایان بە ترسناكترین شێوە دەكوژرێن تەنها بۆ ئەوەی گۆشتەكەیان بخەنە ناو بەرگر و جۆرە جیاوازەكانی ساندویچەوە”.

لۆرا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم بانگەوازە بابەتێکی مشتومڕاوییە بە ئامانجی “کردنەوەی دەرگا بۆ گفتوگۆ” لەسەر پاراستنی ژینگە و مافی ئاژەڵان.

داواشی لە خەڵک کرد “كەمتر وەك نوكتە” مامەڵە لەگەڵ داواكەدا بكەن و بە “ئامۆژگارییەکی زۆر باش” لەبەرچاوی بگرن.

بابەتی پێشتر

بە چەند هەنگاوێک ڕێگە لە تێکچوونی ماکیاژەکەت بگرە

بابەتی دواتر

دانی ئالڤێس لەبارەی کریستیانۆوە نهێنییەکانی درکاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share