لە هەرێم 120 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت هەن و “ژیانیان یەكسانە بە دۆزەخ”

لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 120 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت هەن، سكرتێری یەكێتیی كەمئەندامانی كوردستانیش دەڵێت، “ژیانی كەمئەدامان لە هەرێم یەكسانە بە دۆزەخ”.

سامان حسێن، سكرتێری یەكێتیی كەمئەندامانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “110 بۆ 120 هەزار كەمئەندام لە هەرێمی كوردستان هەن، بە هەموو چین و توێژەكانیەوە وەك نابینا، كڕوڵال و تالاسیما و كەئەندامانی دیكە كە ئەمەش ژمارەیەكی زۆرە”.

سەبارەت بە باروگوزەرانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی هەرێم، سامان حسێن ئاماژەی بەوەكرد، “ژیانی كەمئەندامان یەكسانە بە دۆزەخ، لەبەر نەبوون و دواكەوتنی موچە، لەبەر نەهامەتی و برسێت و دابیننەكردنی ئامێرە یارمەتیدەرەكان دنیایە سوكایەتی و بێڕێزی كە بەردەوام بە كەمئەندام كراوە”.

سكرتێری یەكێتیی كەمئەندامانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، “ئەمساڵ بەهۆی كۆرۆناوە بارودۆخێكی زۆر زۆر خراپ بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دروستبوو، ئەمەش وای كرد ژیانێكی كولەمەرگی و پڕ نەهامەتی بەسەر بەرن”.

یەكێتیی كەمئەندامانی كوردستان لەڕێی پەرلەمانەوە پرۆژەیاسایەكی بەپەلە پێشكەش دەكات بۆ ئەوەی لە دابەشكردنی موچەدا وەزارەتی دارایی بارێكی تایبەت بە كەمئەندامان بدات و موچەكانیان دوانەخات و لەكاتی خۆیدا بیدات، وەك سامان حسێن ئاشكرایكرد و هیوای خواست كە ئەنجومەنی وەزیران بەو پرۆژەیە ڕازی بێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەزانن ئێستا كەمئەندام هەیە نەوت لە ماڵەكەیدا نییە و پارەی پێ نییە، سفرەی بەتاڵە و هیچ نییە بیخوات”.

داوا دەكرێت ساڵی 2021 لە هەرێم بە ساڵی كەمئەندامان بناسێندرێت

لەلایەكی دیكەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی كانونی یەكەم، كە هاوكاتی ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانە لە جیهاندا، لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا، بەڕێوبەرایەتی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەولێر و كۆمەڵە و ڕێكخراوەكانی كەمئەندامان كۆبوونەوە و چەند داواكارییەكیان خستەڕوو.

لە داواكارییەكانیاندا هاتووە، “لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە ساڵی 2021 بە ساڵی كەمئەندامان بناسێندرێت و بودجەیەك بۆ كاروچالاكی و چارەسەری كێشەكانی كەمئەندامان دابندرێت، هەروەها پێداچوونەوەیەكی ورد بەیاسا و ڕێنماییەكانی كەمئەندامان بكرێت بەشێوەیەك ماف و داخوازییەكانی كەمئەندامان بە تەواوی دەستەبەر بكرێن”.

لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، “پرسی كەمئەندامان تەنها لە چوارچێوەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كۆنەكرێتەوە و هەریەك لە وەزارەتی پلان دانان، دارایی، شارەوانی، گواستنەوە و گەیاندن، پەروەردە، تەندروستی، وەرزش و لاوان و وەزارەت و دامودەزگاكانی تر خزمەتی زیاتری توێژی كەمئەندامان بكەن”.

داواشكراوە، “ئەنجومەنێك پێكبهێندرێت و سەرجەم كۆمەڵە و ڕێكخراوەكانی تایبەت بە كەمئەندامان تێیدا ئەندام بن و ئەندامەكان بە شێوەی خولی سەرۆكایەتیی ئەم ئەنجومەنە بكەن، سیستم و میكانیزمی گونجاو دابندرێت بۆ بەهێز كردنی پەیوەندی نێوان ڕێكخراوە نێوخۆییەكان، ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و دام و دەزگاكانی پەیوەندیوداری حكومەت بە كاروباری كەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان”.

لە داواكارییەكاندا ئاماژە بەوەشكراوە، “ڕاگەیاندن ڕۆڵی زیاتر بگێڕێت لە ئاشناكردنی تاكەكانی كۆمەڵگا بە ماف و ئیمتیازاتی توێژی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان”.

بابەتی پێشتر

توركیا.. بوومەلەرزەیەک شارۆچکەی کورتڵانی هەژاند

بابەتی دواتر

مانگانە 3 ملیۆن دۆلار بۆ داهاتی هەرێم زیاددەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هه‌ر ئۆتۆمبێلێك دوکەڵبكات ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت

بەپێی بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر،هه‌ر ئۆتۆمبێلێك دوکەڵبكات ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتووچۆی پارێزگای هەولێربڵاویکردەوە، بەمەبەستی پاکراگرتنی ژینگەی شارو…
زیاتر ببینە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: بەهۆی راگرتنی هەناردنی نەوتی هەرێمەوە مووچە دواکەوتووە

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “وەزارەتەکەیان لەسەر هەوڵەكانی بۆ دووبارە هەناردنی نەوتی هەرێم بەردەوامە و جەختیشدەکاتەوە،…
Total
0
Share