سۆران عومەر: سودانی پێیوایە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی نەوتی هەرێمەوە دەبێت جێبەجێبکرێت

محەمەد شیاع سودانی كاندیدی چێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەراندا كۆبووەتەوە.

بەپێی وتەی سۆران عومەر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەران كە یەكێك بووە لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە، سودانی ڕایگەیاندووە، “کێشەی نەوتی هەرێم بڕیاری دادگای فیدراڵی یەکلاییكردووەتەوە و دەبێت جێبەجێبکرێت”.

پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی دادگەری لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی چەند وێنەیەكدا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئاشكراكردووە و نووسیویەتی، محەمەد شیاع سودانی باسی لە ئەولەوییاتی بەرنامەی حکومەتی ئاییندە کرد کە چوار بابەتن، ئەوانیش خزمەتگوزاری و تەندروستی و کارەبا و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئەویش بە کاتی دیاریکراو هەوڵی جێبەجێکردنی بەرنامە حکومییەکەی دەدات، باسی لە گرفتی ئاو و دۆسیەی نەوت و بێکاری و پڕۆژەکان و پیشەسازی و وەبەرهێنان کرد”.

سۆران عومەر دەڵێت، “دەربارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لێم پرسی بۆچوونی چییە؟، وتی: کێشەی نەوت بڕیاری دادگای فیدراڵی یەکلاییکردووەتەوە و دەبێت جێبەجێبکرێت! چارەسەرەکەشی لە یاسای نەوت و غازی عێراق دەكرێت کە پێویستە لە زووترین کاتدا یاساکە دەربچێت”.

بابەتی پێشتر

کێشەی خواردنی خانەکانی بێسەرپەرشتان و بەساڵاچووان چارەسەرکراوە؟

بابەتی دواتر

یەكەم ڕۆژی پایز لە هەرێم و وڵاتانی باكووری گۆی زەوی دوادەكەوێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share