بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت تیرۆریستێك لە گۆپاڵە دەستگیركراوە كە یەكێك لە كوڕەكانی لەگەڵ گەورە تیرۆریست مەلا شواندا بووە و دەركەوتووە بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری فۆردی بۆمبڕێژكراو ناردوویەتی خۆی بە هێزەكانی پێشمەرگەدا تەقاندووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، لەسەر بنەمای هەبوونی زانیاریی وردی پێشوەختەی هێزەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری دادگەی لێكۆڵینەوە تێرۆریست (ح ، ج ، م ) كە باوكی تێرۆریست (ع ، ح، ج ) ناسراو بە (عبود) كە لە گرتەیەكی ڤیدۆیدا لە ساڵی 2015 لەگەڵ گەورە تێرۆریست مەلا شوان دەركەوتووە بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری فۆردی بۆمبڕێژكراوەوە ناردوویەتی خۆی بەهێزەكانی پێشمەرگەدا تەقاندووەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا لە لایەن هێزەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لە 14ی ئەم مانگە لە گۆپاڵە دەستگیركراوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، تيرۆریست (ح ، ج ، م ) لە بنەڕەتدا خەڵكی پارێزگای (سەڵاح الدین )لە قەزای شەرگاتە لە ساڵی 2005 پەیوەندی بە گروپی تيرۆریستی قاعیدەوە كردووە و كاری شاردنەوەی چەكو ئامادەكردنی بۆمب و تەقاندنەوەیان بە هێزەكانی هاپەیمانان بووە، لە ساڵی 2014 لەگەڵ دروستبوونی داعش و گەیشتنیان بە قەزای شەرگات خۆی و سێ كوڕی بەناوەكانی (1. ع ، ح 2. ب ،ح 3. م ، ح ) پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە و بوونە چەكداری داعش و دوای ڕووخانی داعش لە سەڵاح الدین هەڵدێن و دەچنە موسڵ و دوای ڕووخانی داعش لە موسڵ ناوبراو دەچێتە سوریا لە دێرەزوور نیشتەجێ دەبێت.
دواتر و لە ساڵی 2020دا دەگەڕێتەوە عێراق و ڕوو دەكاتە هەرێمی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی خۆی حەشارداوە تاوەكو كاتی دەستگیركردنی حەوت شوێنی گۆڕیوە.