زانکۆی سلێمانی سەنتەری ڕاوێژکاریی خوێندکاران دروستدەكات

زانکۆی سلێمانی بۆ یەکەمین جار بڕیاری دا سەنتەری ڕاوێژکاریی خوێندکاران دروستبكرێت و بەبێ بەرامبەر هاوكاریی خوێندكاران دەكات.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی پ. ی. دکتۆر پێشڕەو حەمەجان عزیز، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، سەنتەری ڕاوێژکاریی خوێندکاران دروستدەكرێت و ڕاستەوخۆ سەر بە سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی دەبێت.

ئاشكرایكردووە، سەنتەرەكە لە بۆردێک پێکدێت کە چەندین کەسی یاسایی و پزیشک و دەروونناس و کۆمەڵناس و شارەزا لەخۆدەگرێت و دەڵێت، “ئەو كەسانە بێبەرامبەر ڕاوێژی یاسایی و کارگێڕی و دەروونی و پزیشکی و کۆمەڵایەتی و دارایی و ئایینی دەدەن بە ھەر خوێندکارێکی زانکۆی سلێمانی، ئەگەر لە چێوەی بەش و کۆلێج و بەڕێوەبەرایەتیی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆدا بە بەڵگەی متمانەپێکراو بیسەلمێنێت تووشی کێشە و گرفتی جۆراوجۆر بووە لەلایەن مامۆستایەک یان فەرمانبەرێک، یان خوێندکارێک یان کارمەندێکی کۆمپانیاکانی ناو زانکۆوە”.

لە ڕاگەیەندراوەكەی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە كە هەوڵی دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندكار دەدرێت کاتێک تووشی گرفتی گەورەی دارایی دەبێت و ڕایگەیاندووە، “هەموو ئەمانەش لە چێوەی کارکردنمانە لەو ڕوانگەیەوە کە خوێندکار چەقی گرنگیپێدانە لە زانکۆکەماندا و لە کاتی کێشەکانیدا بە تەنها نییە و پێویست ناکات پەنا بۆ ھیچ کەس و لایەن و ڕاگەیاندنێک ببات، بەڵکو سەرۆکایەتیی زانکۆ لە ڕێی ئەم سەنتەرەوە هاوکار و پشتیوانیەتی بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان”.

بابەتی پێشتر

عێراق ئینتەرنێتی خۆڕایی دابیندەكات

بابەتی دواتر

بە ڤیدیۆ.. ساتی ڕزگاركردنی پارێزەرێكی ڕفێندراو ببینە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share