پەروەردە: بۆ ئەمساڵیش پشت بە وانەبێژان دەبەسترێت

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، بەهۆی ڕێكخستنەوەی میلاكاتەوە زیادە لە میلاكاتدا دروستدەبێت، بەڵام پێویستی بە مامۆستای وانەبێژ هەر ماوە و دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتییەكان دراوە بۆ دانانیان.

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمساڵ پرۆسەی ڕێكخستنی میلاكات لە هەموو ساڵانی ڕابردوو باشتر كراوە.

وتیشی، “هەنگاونان بۆ ڕێكخستنەوەكە لەكاتێكی زۆر زووی ئەمساڵدا دەستیپێكرد، بۆ ئەو مەبەستە لە 30ی ئایاردا وەزیری پەروەردە كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەكان و بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاكان و بەڕێوەبەرە پەیوەندیدارەكان ئەنجامدا”.

لەو كۆبوونەوەیەدا ژمارەیەك بڕیار لەبارەی ڕێكخستنەوەی میلاك درا، یەكێك لەوانە ئەوەیە چیتر نابێت هیچ مامۆستایەكی میلاك بە بەشە وانەیەكی كەمەوە لە هیچ خوێندنگایەكدا بمێنێت، وەك ئەوەی سامان سیوەیلی ئاماژەی پێدا

ئەوەشی وت، “بەمشێوەیە زیادەی میلاك دروستدەبێت، لەم حاڵەتەشدا دابەشدەكرێنەوە بەسەر خوێندنگا و پەروەردەكاندا و، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەكان زۆر بە ڕێكوپێكی ئەم ڕێكخستنەوەیان ئەنجامداوە”.

لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتیكردەوە كە پێویستیی پەروەردەكان بە وانەبێژ هەر ماوە و هەر دەمێنێت، هەر شوێنێك پێویستی بە وانەبێژ بوو، دەسەڵات دراوە بە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاكان وانەبێژ دابنێن.

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕوونیكردەوە، بەشێوەیەكی گشتی لە سەنتەری پارێزگا، شار و ئیدارە سەربەخۆكاندا پێویستی بە وانەبێژ زۆر زۆر كەمبووەتەوە یان هەر نەماوە، بەڵام لە قەزا، گوند و شوێنە دوورەدەستەكاندا ڕەنگە بۆشایی میلاك هەبێت و دەسەڵاتیان هەیە بۆ ئەمساڵ مامۆستای وانەبێژ دابنێن.

بڕیارە سێشەممەی هەفتەی داهاتوو 13ی ئەم مانگە دەرگای ناوەندەكان بۆ ساڵی نوێی خوێندن بكرێنەوە.

بابەتی پێشتر

ناسا بەدووریدەزانێت هەڵدانی (ئەرتمیس-1) لە ڕۆژانی داهاتوودا بێت

بابەتی دواتر

حکومەتی هەرێم: هیچ ویستێکمان بۆ دەستکاریکردنی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری نییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share