ئەنجومەنی فەتوا: هاوسەرگیریی مسیار دروست نییە
ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەوانە دەگرینەبەر کە حەڵاڵیان کردووە

ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هاوسەرگیریی مسیار و حەڵاڵ کردنی لەلایەن هەندێک لە مامۆستایانی ئایینییەوە دەڵێت، ئەو هاوسەرگیرییە دروست نییە و “ڕێگەیەکە بۆ بڵاوبوونەوەی لادان و بەدڕەوشتی”.

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان دکتۆر حەسەن موفتی لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “سەبارەت بەو دەنگۆ و لێدوانانەی لەلایەن هەندێک لە مامۆستایانی ئایینییەوە بڵاوکراونەتەوە و هاوسەرگیریی مسیار حەڵاڵ دەکەن هەڵوێستمان دەبێت”.

ئاماژەی بەوەکرد، “ئەمڕۆ لەوبارەیەوە ڕوونکردنەوەمان بۆ ڕای گشتی دەبێت و بە فەتوای ئەنجومەنەکەمان ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە دروست و ڕێگەپێدراو نییە، ئەوانەشی حەڵاڵیان کردووە و لێدوانیان داوە ڕێکاریی یاساییان بەرامبەر دەگرینەبەر”.

بەپێی وتەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا، هاوسەرگیریی مسیار مافی ژنی تێدا پێشێلدەکرێت، هیچ مارەییەک، هیچ مافێکی دارایی و مەعنەوی ژن لەو هاوسەرگیرییەدا نییە.

جەختیکردەوە، هاوسەرگیریی مسیار کە دەکرێت بە شاردراوەیی دەهێڵرێتەوە ئەوەش هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی بەدڕەوشتی و لادانی ڕەوشتی کۆمەڵگا، بۆیە لەڕووی شەرعییەوە دروست نییە.

سەبارەت بەوەی هاوسەرگیریی مسیار لە ئایینی ئیسلامدا هەیە چۆن ئەنجومەنی باڵای فەتوا ڕەتیدەکاتەوە، دکتۆر حەسەن موفتی وتی، مەرجەکانی هاوسەرگیریی مسیار لە ئاینی ئیسلامدا دیاریکراون کە دەبێت وەلی ئەمری هەردوولا، شایەت و مارەیی تێدابێت، بەڵام ئەوەی ئێستا دەکرێت بە شارداروەیی و بەبێ جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە دەکرێت ئەوەش مافەکانی ژنی تێدا پێشێلدەکرێت.

ئاماژەی بەوەکرد، هاوسەرگیریی مسیار ئێستا لە هەرێمی کوردستان تەنها حاڵەتە و نەبووە بە دیاردە بەڵام ئەو فەتوایانەی ڕێگەی پێدەدەن هۆکارن بۆ پەرەسەندنی.

جەختیکردەوە، کە لە ساڵی 2019وە ئەنجومەنەکەیان هاوسەرگیریی مسیاری بە نادروست داناوە بەڵام لەبەرئەوەی باو نەبووە لە کۆمەڵگا فەتواکە بڵاونەکراوەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای فەتوا کۆتا فەتوای حەرامکردنی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە بڵاوبکاتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند مامۆستایەکی ئایینی و بانگخوازی ئیسلامی لێدوانیان لەبارەی هاوسەرگیریی مسیارەوە دا و ئەو هاوسەرگیرییەیان بە ڕێگەپێدراو و دروست داناوە ئەوەش مشتومڕی لەناو مامۆستایانی ئاینی و خەڵکدا دروستکردووە.

بابەتی پێشتر

عادل عەبدلمەهدی بۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی<br>ئێوە باشترین شوێنگرەوەی سەرکردەی مەزن جەلال تاڵەبانین

بابەتی دواتر

چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق داواكارییەك ئاراستەی سەدر دەكەن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گەشتی زانستیی خوێندنگەکان راگیرا

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بڵاویکردەوە، بەهۆی نزیکبوونەوەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم، ئەنجامدانی گەشتی زانستی و سیمیناری ناوەندەکانی خوێندن…
زیاتر ببینە

درۆنێك لە هەولێر خرایە خوارەوە

دوای نزیكبوونەوەی لە ئاسمانی سەربازگەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شارۆچكەی هەریر، لەلایەن سیستمی بەرگریی هێزەكانی هاوپەیمانانەوە درۆنێك خرایە…
Total
0
Share