تاپۆكردنی زیادەڕەوییەكان باخ و ڤێلاكان دەگرێتەوە؟

باخ و ڤیلاكان حاڵەتێكی تایبەتن

پڕۆسەی تاپۆكردنی ئەو زەوییانەی لەلایەن هاوڵاتییانەوە بە زیادەڕەوی خانوویان لەسەركراوە لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێم دەستیپێكردووە و بەرپرسانی ئیداری دەڵێن، باخ و ڤێلاكان ناگرێتەوە.

پشتبەست بە بڕیاری ژمارە 3ی ساڵی 2019ی هەمواركراو بە ژمارە 7ی ساڵی 2021ی پەرلەمانی كوردستان، ئەو خانووانەی لەسەر زەوی میری دروستكراون تاپۆدەكرێن، بەو مەرجەی خانووەكە تا 31ی كانونی یەكەمی ساڵی 2020 دروستكرابێت.

جگە لەو خانووانە، لە سنووری شارەكانی هەرێمی كوردستاندا لەسەر زەوی كشتوكاڵی، باخ و ڤێلا دروستكراون.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی ناوچەكانی سیتەك و مێرگەپان دیارترینی ئەو شوێنانەن كە زۆرترین باخ و ڤێلایان لێدروستكراوە.

شاهۆ عوسمان قائیمقامی قەزای شارباژێر بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بڕیارەكە پەیوەندی بە باخ و ڤێلاوە نییە، بەڵكو ئەو زیادەڕەوییانە دەگرێتەوە كە لە سنووری شارەوانییەكاندا كراون.

وتیشی، “باخ و ڤیلاكان حاڵەتێكی تایبەتن و یاساكە نایانگرێتەوە”.

لای خۆیەوە فەرهاد ساڵح، بەڕێوەبەری ناحیەی سیتەك بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە سنووری شارەوانیی ئەواندا بڕیارەكە تەنها ناو گوندی سیتەك دەگرێتەوە.

وتیشی، “ژمارەیەك حاڵەتمان هەیە كە بڕیاری تاپۆكردنەكە دەیانگرێتەوە، بەبێ ئەوەی زەویی كەسی دیكە ناگرێتەوە”.

فەرهاد ساڵح ئەوەشی خستەڕوو، نیازیان هەیە سنووری شارەوانیی سیتەك فراوان بكەن، ئەویش بە زیادكردنی 2400 دۆنم بۆسەر سنوورەكە.

ڕوونیشیكردەوە، بە درۆن ڕووپێوییان كردووە، بەڵام وردەكارییەكانی دەشێت پێنج تا شەش مانگی بووێت، دوا ئەوە دەبێت وەزارەتی دارایی یان وەزارەتی كشتوكاڵ دەست لەو زەوییانە هەڵبگرن، پاشانیش كە چووە سەر شارەوانی، ئەوكات وەزارەتی شارەوانی بڕیار لەسەر تاپۆكردن یان هەر شێوازێكی دیكە دەدات.

دەربارەی باخ و ڤێلاكانیش بەڕێوەبەری ناحیەی سیتەك باسی لەوەكرد كە بەرنامەیەكی دیكەیان هەیە بۆ ئەوەی هەموو سنوورەكە ڕووپێو بكەن، دوای ئەوەش هەر هەنگاوێك سەبارەت بەو باخ و ڤێلایانە، بڕیارێكی تایبەت بە خۆی دەوێت.

بابەتی پێشتر

گرنگترین یارییه‌کانی ئه‌مڕۆ به ‌کاتی هه‌رێمی کوردستان

بابەتی دواتر

کۆمەڵەی هەنگەوانان: هەنگوینی قاچاخ بەدەر لە خراپی کوالێتی ماددەی مەترسیداری تێدایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share