لەماوەی 24 کاتژمێردا دوو کرێکاری بیانی لە هەرێم گیانیان لەدەستداوە

لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، دوو کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و چاوەڕێی ڕێکاری بردنەوەی تەرمەکانیان دەکرێت بۆ وڵاتی خۆیان.

محەمەد هەژار، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی داکۆکیکردن لە کرێکارانی بیانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بەیانیی ئەمڕۆ ژنە کرێکارێکی نیپاڵی، بەهۆی ئەوەی پێشتر توشی کۆرۆنا بووە و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تەندروستی دروستکردووە، گیانیلەدەستداوە، ئێستا سەرقاڵی پشکنینی کۆتایین بۆ یەکلاییبوونەوەی هۆکاری مردنەکەی”.

بە وتەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی داکۆکیکردن لە کرێکارانی بیانی، ئەو ژنە نیپاڵییە ئەگەر یەکلاییبێتەوە بە هۆکاری كاریگەریی کۆرۆنا گیانیلەدەستداوە، ئەوا وڵاتەکەی وەریناگرێتەوە و بەناچاری دەبێت لە گۆڕستانی مەسیحییەکان بنێژرێت، ئەگەرچی ژنەکە هیندۆسییە”.

بەهۆی نەبوونی گۆڕستانی تایبەت بە ئاینەکانی دیکە، ئەو کەسانەی سەر بە ئاینەکانی دیکەن (ئیسلام و مەسیحی نین)، دەبرێنە گۆڕستانی مەسیحییەکان لە سلێمانی.

هاوکات ئێوارەی دوێنێ لە شاری هەولێر، شۆفێرێکی تانکەر، کە “منداڵێک” بووە، کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەستداوە و کرێکارێکی بەنگلادیشیی شێلاوە، هەر لەوێدا کرێکارەکە گیانیلەدەستداوە.

لەسەر ڕووداوەکە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ئاشکرایکردووە، “لە شەقامی 120 مەتری لە نزیک دەروازەی فڕۆکەخانە، تانکەرێکی ئاو، کە منداڵێک شۆفێری بووە، بەهۆی تیژڕەوییەوە کۆنترۆڵی لە دەستداوە و کرێکارێکی ژینگەپارێزیش لەوکاتەدا سەرقاڵی کارەکەی بووە، بەڵام منداڵەکە شێلاویەتی و لە شوێنی ڕووداوەکە کرێکارەکە گیانیلەدەستداوە”.

بابەتی پێشتر

نەتەوە یەکگرتووەکان: بەخێرایی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ڕابگیرێت

بابەتی دواتر

وەزیری پەروەردە: لە پلانێکی ورددا قەرەبووی ئەو بابەتانە دەکەینەوە، کە فەوتاون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share