بەهادین نوری، دیارترین دەموچاوی چەپخواز لە باشوری کوردستان

زۆر بە منداڵی دەستی بەکاری سیاسەت و ململانێ سیاسییەکان کرد و لە تەمەنێکی گەورەتر لە هاوڕێکانی کۆچی دوایکرد.

بەهادین نوری، لە چاوپێکەوتنێکی پێشویدا دەڵێت، 22 ساڵ بووە کاتێک وەک سکرتێری حزبی شیوعی هەڵبژێردراوە، لە کاتێکدا ئەزمونی سیاسی نەبووە و کەمتریش ئاگاداری ئەدەبیاتی مارکسی و کەسایەتییە دیارەکانی چەپ بووە لەو کاتەدا.

بەهادین نوری لە ساڵی 1949 وە تا 1953 سکرتێری دیفاکتۆی حزبی شیوعی عێراقی بووە و کە ئەوکات کورد و مەسیحی و جولەکە و شیعەکانیش تەنانەت بەشێک بوون لە ڕێکخستنە جەماوەرییەکانی حزبی شیوعی.

بەهادین نوری خێرا و لە تەمەنێکی منداڵیدا بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لە ئەستۆگرت، بە جۆرێک کاتێک بووەتە سکرتێری حزبی شیوعی کە ئەوکات تاکە حزبی دیاری عێراقی مەلەکی بوو دەرفەتی نەبووە مانیفێست و ئەدەبیاتی مارکسی بخوێنێتەوە و دواتر ئاشنای بووە، کە ئەوکات دەبوو تەنانەت ئەندامێکی سادەی حزبی شیوعیش ئاگاداری ئەم مانیفێستەی کۆمەنیست بێت.

سکرتێری پێشوی حزبی شیوعی، لە هەر سێ قۆناغی ڕێڕەوی حوکمداری عێراقیدا سیاسەتی کردووە، واتە کاتێک ئەو بووەتە سکرتێر عێراق سیستمی مەلەکی بووە و دوای شۆڕشی عەبدولکەریم قاسم لە 1958 دا دەرفەتێکی دیکە دەدات بە بەهادین نوری بۆ سیاسەت، دواتریش سەردەمی گرتن و کوشتنی لایەنگرانی شیوعی لە سەردەمی هاتنی حزبی بەعسدا لە عێراق دەستپێدەکات.

 

بەهادین نوری و بۆچونی لەسەر مێژوی خەباتی کورد

لە ساڵی 2018 دا بەهادین نوری ویستی کتێبی بیرەوەرییەکان بەچاپبگەیەنێت، بەڵام لە هەولێر ژمارەی سپاردنی پێنەدرا و لە سلێمانی سپاردنەکەی وەرگرت، ئەو لە کتێبەکەیدا کە وەک بیرەوەری بەهادین نوری دەناسرێت ڕەخنەی توند لە سیاسی و حزبە کوردییەکانی دوای حزبی شیوعی دەگرێت.

بەهادین نوری پێی وایە ڕێڕەوی سیاسەت لە باشوری کوردستان بەسەر چەند هەڵەدا تێدەپەڕێت، کە ئەم هەڵانە ڕێڕەوی شۆڕش و خەباتی لاوازکردووە.

بە وتەی بەهادین نوری، “هەڵەی یەکەم ئەوەیە لە ساڵی 1961 کورد دەرفەتی نەداوە بە عەبدولکەریم قاسم و خێرا دەستیداوەتە چەک و شەڕی لەگەڵ عەبدولکەریم قاسم ڕاگەیاندووە.

لە کتێبی بیرەوەرییەکەی بەهادین نوریدا هاتوشە کە هەڵەیەکی دیکەی خەباتی کورد ڕێککەوتنی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی بووە دژی مەلا مستەفا، کاتێک حکومەتی عێراقی ئامادەبوو هاوکاری باڵی مەکتەبی سیاسی بکات لە ڕوی چەکەوە.

بەهادین نوری، لە 11 ی شوباتی ساڵی 1927 لەگوندێكی قەرەداغ لە پارێزگای سلێمانی لەدایکبووە و ماوەی چوار ساڵ سکرتێری حزبی شیوعی عێراق بووە و لەساڵی 1984 ریزەکانی جێهێشتووە و گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان.

بەھادین نوری سیاسەتمەدار و سکرتێری پێشووی حزبی شیوعی عێراق لەتەمەنی 93 ساڵیدا و بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دواییکرد.

بابەتی پێشتر

دژە تیرۆری عێراق: شەش ئەندامی داعش لە چیاکانی مەخمور کوژران

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا کردنەوەی قوتابخانەکان یەکلاییدەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share