سۆمۆ داهاتی فرۆشتنی نەوتی نیوەی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی سۆمۆ، کۆی بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی نیوەی یەکەمی ئەمساڵی عێراق و بڕی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستانیشی لەوماوەیەدا بڵاوکردەوە، میکانیزمی دیاریکردنی کۆمپانیا جیهانییەکان و مەرجەکانی فرۆشتنی نەوتیشی بڵاوکردەوە.

عەلی نزار فایەق، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ بۆ کاروباری نەوتی خاو و گاز بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاندووە، “داهاتی نەوتی فرۆشراو لە کێڵگە نەوتییەکانی باشوور و نەوتی قورس و ناوەند و سوکی بەسرە، هەروەها بڕی نەوتی فرۆشراوی کەرکوک لەڕێگەی بەندەری جیهانی تورکییەوە لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ (لە مانگی کانونی دووەم تا مانگی حوزەیران)، 33 ملیار دۆلار بووە، واتە بە تێکڕای مانگانە پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلار”.

بەپێی ئامارەکەی کۆمپانیای سۆمۆ، لەگەڵئەوەی فرۆستنی نەوت گۆڕانکاری تێدا هەبووە، بەڵام تێکرای نەوتی فرۆشراو تا مانگی حوزەیران 528 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە.

سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان و لە دەرەوەی کۆمپانیای سۆمۆ فرۆشراوە لەو ماوەیەدا دەگاتە 77 ملیۆن بەرمیل نەوت، هەروەها داهاتەکەشی ئەگەر هاوشێوەی نرخی فرۆشتنی نەوتی کەرکوک هەژمار بکرێت 4 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار بووە”.

هەروەها لەبارەی کۆمپانیاکانی کڕینی نەوتی عێراق و مەرجەکانی پەیوەست بە فرۆشتنی نەوت پێیان ئەو بەرپرسەی سۆمۆ وتی، “میکانیزمەکان لای هەموو کۆمپانیا جیهانییەکان ئاشکرایە و بۆ هەمووشیان وەک یەکە، لەوانە دەبێت لانیکەم خاوەنی پاڵاوگەیەک بێت، هەروەها توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بازاڕی نەوتی جیهانی هەبێت”.

بابەتی پێشتر

فراکسیۆنی یەکێتی: لەگەڵ هەڵگرتنی لێبڕینی مووچە حکومەت دەبێت بەردەوامبێت لە چاکسازی

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستی: تا شەوی ڕابردوو بەرزترین ژمارەی توشبوون تۆمارکراوە.. ژمارەکە یەکجار زۆرە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share