نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵگرتنی قەدەغەی گەشتکردن لەسەر بەرپرسانی تاڵیبان درێژدەکاتەوە

ئەو ماوەیەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داینابوو بۆ هەڵگرتنی قەدەغەی گەشتکردن لەسەر ژمارەیەک بەرپرسی بزوتنەوەی تاڵیبان، شەوی ڕابردوو کۆتاییهات، ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش چاوەڕێدەکەن ماوەکە درێژبکرێتەوە.

بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایش کە لە ساڵی 2011دا دەریکردووە، دەستگیراوە بەسەر سامانی 135 بەرپرسی تاڵیبان و گەشتکردنیان لێ قەدەغەکراوە.

بەڵام 13 لەو بەرپرسانەی تاڵیبان لەلایەن ئەنجومەنەکەوە بەخشراون و دەتوانن لەدەرەوەی وڵاتەکەیان بەرپرسانی وڵاتانی دیکە ببینن و گەشتبکەن.

لە مانگی حوزەیراندا لیژنەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش، کە لە ئەندامانی ئەنجومەکە پێکهاتبوو ناوی دوو وەزیری تاڵیبانیان بۆ لیستی سزاکان زیادکرد، کە یەکێکیان وەزیری فێرکردنی حکومەتی تاڵیبانە، بەهۆی پێشێلکارییەکان بەرامبەر ژنان و کچان دوای دەستبەکاربوونی بزوتنەوەکە.

بەڵام بەخشینی ئەو ژمارە بەرپرسەی تاڵیبانی لە گەشتکردن درێژکردەوە تاوەکو 15ی مانگی ئاب، هەروەها لە نووسراوی سزاکاندا هاتووە مانگێکی دیکەش درێژدەکرێتەوە ئەگەر هیچ ئەندامێکی ئەنجومەنەکە نەڕەزایی پیشاننەدات.

ئاژانسی فرانس پرێس لەوبارەیەوە دەڵێت، هەریەکە لە چین و ڕوسیا پاڵپشتیی درێژکردنەوەی ئەو ماوەیە دەکەن و ئەمریکاش دەیەوێت ژمارەی ئەو بەرپرسە ڕێگەپێدراوانە کەمبکاتەوە.

ئاماژە بەوەدەکات، ئێستا ئەوەی پێشنیار کراوە ئەوەیە کە ڕێگە بە شەش بەرپرسی باڵای تاڵیبان بدرێت بۆئەوەی بتوانن گەشت بۆ هەر وڵاتێکی جیهان بکەن بە هۆکاری دیپلۆماسی.

سەرچاوەکان بە فرانس پرێسیان وتووە، ئەگەر تا نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە هیچ پەڵپێک لە نوسراوەکە نەگیرێت لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە ڕاستەوخۆ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆ دوو مانگی دیکە بەخشینی ئەو 13 ئەندامەی تاڵیبان لە گەشتکردن درێژدەکرێتەوە.

لیستی ئەو بەرپرسانەی تاڵیبان کە ڕێگەی گەشتکردنیان پێدراوە، جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەفغانستان عەبدولغەنی برادەر و جێگری وەزیری دەرەوەی تێدایە کە ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان لە ساڵی 2020دا.

بابەتی پێشتر

خولی دووەمی تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەیی دەستیپێكرد

بابەتی دواتر

بەناوی خەڵكی گەرمیانەوە داوایەك ئاراستەی سەرۆكی حكومەت دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share