ساڵی داهاتوو حكومەتی عێراق مووچەی پێدەدرێت؟

لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونكردنەوە لەبارەی چارەنووسی دابەشكردنی مووچە لە عێراق بۆ ساڵی داهاتوو بەهۆی خۆپیشاندانەكان و گرژی و ئاڵۆزییەكان دەدات و جەختیشدەكاتەوە، “حكومەت لە فرۆشتنی نەوت بەردەوامە، بەڵام لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەتدا باسنەكراوە، ئەگەر دوو ساڵ لەسەر یەك بودجە پەسەندنەكرا چۆن مامەڵە لەگەڵ داهاتەكاندا بكرێن”.

دكتۆرە نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمساڵ حكومەت یاسای بودجەی نەبووە و كاری بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەت كردووە و لەسەر بنەمای یەك لەسەر 12ی بودجەی ساڵی ڕابردووی داهاتەكانی خەرجكردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، “لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەتدا باسلەوەنەكراوە، ئەگەر دوو ساڵ لەسەر یەك بودجە پەسەند نەكرا چۆن مامەڵە لەگەڵ داهات و خەرجییەكاندا بكرێن، ئێستاش حكومەتی عێراق كاربەڕێكەرە و ناتوانێت پڕۆژەیاسای بودجە ئامادەبكات و نازاندرێت ساڵی داهاتوو هاوشێوەی ئەمساڵ عێراق بودجەی دەبێت یاخود نا”.

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، “حكومەتی عێراق بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوت و داهاتەكانی زیادیانكردووە و یەدەگی بانكی ناوەندیی عێراق لەئەمساڵدا بەرزبووەتەوە بۆ 82 ملیار دۆلار و داهاتی زێڕیش 130 تۆنی تێپەڕاندووە و ئەوەی باسدەكرێت گوایە حكومەتی عێراق ساڵی داهاتوو توانای دابەشكردنی مووچەی نامێنێت و داهاتی نامێنێت هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی بازرگانیی جوتیاران ئاگاداردەكاتەوە

بابەتی دواتر

میدیاكانی عێراق: چێوەی هەماهەنگی ئامادەیە سودانی بگۆڕێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share