“ئێستا” بەدواداچوون بۆ پرسێكی كەركوك دەكات
پێنەدانی مۆڵەتی تەندروستی بۆ دژایەتیكردنی كوردە؟

ماوەیەكە نەدانی مۆڵەتی تەندروستی بەو شوێنە خزمەتگوزارییانەی شاری كەركوك كە زەوییەكانیان تاپۆیان نییە، نیگەرانیی خەڵكی شارەكە و بە تایبەت كوردی لێكەوتووەتەوە، بەشێك لە هاوڵاتییان بەو جۆرە لێكدانەوەی بۆ دەكەن كە مەبەست لێی دژایەتیكردنی كورد بێت، لە بەدواداچوونێكدا بۆ یەكەم جار “ئێستا” ڕاستیی ئەو پرسە ئاشكرادەكات.

بەپێی بڕیاری هەردوو حكومەتی فیدراڵی و خۆجێی كەركوك، چەندین شوێنی وەك نانەواخانە، سەمونخانە، خواردنگە و شوێنی تری خزمەتگوزاری كە تاپۆیان نییە، مۆڵەتی تەندروستییان پێنادرێت، بەوەش هاوڵاتی ناتوانێت شوێنێك بكاتەوە كە زەوییەكەی تاپۆ نەبێت. دیوێكی تری بڕیارەكە، بێبەشبوونی ئەو نانەواخانە و سەمونخانانەیە كە بێتاپۆن لە سووتەمەنیی حكومی و بەوەش بەشێكی زۆری كوردانی خاوەن ئەو دوو پیشەیە لە سووتەمەنی بێبەشبوون، بەو پێیەی لە كۆی پێنج هەزار نانەواخانە و سەمونخانەی شاری كەركوك، 2500یان خاوەنەكانیان كوردن.

هۆكاری سەرەكیی نیگەرانیی كورد لەو بڕیارە، ئەوەیە كە دوو لە گەورەترین گەڕەكەكانی شارەكە كە پەنجا عەلی و شۆراون و زۆرینەی دانیشتووانیان كوردن، زەوی و موڵك و خانووەكانیان بێتاپۆن و بەوەش بڕیارەكە وەك هەوڵێك بۆ چەوساندنەوە یاخود دژایەتیكردنی كورد لێكدانەوەی بۆ دەكرێت، بەشێك لە هاوڵاتییانی كورد دەڵێن، پارێزگاری كەركوك كە عەرەبە و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی كە توركمانە، دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە دژایەتیی كورد بكەن.

لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئێستا، عەلی جەمیل زەنگەنە بەڕێوەبەری هۆبەی چاودێریی تەندروستیی یەك لە كەركوك، ڕەتیكردەوە ئەو پرسە هیچ جیاكارییەكی نەتەوەیی و دژایەتیكردنێكی كوردی لە پشت بێت و دەڵێت، بڕیارەكە لە بەغدادەوە دەرچووە و پەیوەندیی بە پارێزگار و بەڕێوەبەری تەندروستییەوە نییە، تەنانەت ئەگەر لە لایەن ئەوانەوە داوای لێبكرێت مۆڵەتی تەندروستی بدات بە شوێنێك كە یاسایی نەبێت، ئەوا داواكارییەكە ڕەتدەكاتەوە و نموونەی ئەوەی خستەڕوو كە بەرپرسێكی عەرەب داوای لێكردووە مۆڵەت بدات بە ئارایشتگایەك كە زەوییەكەی بێتاپۆ بووە، بەڵام ئەو ڕەتیكردووەتەوە.

هاوڵاتییەك كە لە كەركوكەوە لێدوانی بۆ “ئێستا” دا ڕایگەیاند، “بەڕێوەبەرایەتیی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك پشتبەست بە بڕیاری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی، بەشە نەوت نادەن بەو نانەواخانە و سەمونخانانەی مۆڵەتیان نییە، چونكە مەرجی پێدانی نەوت، بوونی مۆڵەتی تەندروستییە، بۆ وەرگرتنی مۆڵەتیش، پێویستە شوێنەكە تاپۆی هەبێت”. لە بەرامبەر ئەو وتانەدا، عەلی جەمیل زەنگەنە بەڕێوەبەری هۆبەی چاودێریی تەندروستیی یەك لە كەركوك جەختیكردەوە كە بڕیارەكە گشتگیرە و لە لایەن حكومەتی ناوەندییەوە دراوە و تەنها پەیوەست نییە بە كەركوكەوە.

بابەتی پێشتر

هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دارایی عێراق ئاشكراكرا

بابەتی دواتر

مانچستەر سیتی "جۆکەری 8"ی کڕی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share