لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە باندێكی ماددە هۆشبەرەكان دەستگیركران كە تابلۆیەكی دزراوی پیكاسۆ-ی هونەرمەندی ناسراوی جیهانییان پێبووە و بەهاكەی بە “ملیۆنان دۆلار” دەخەمڵێندرێت.
عەقید بیلال سوبحی بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڕیشەكێشكردنی ماددە هۆشبەرەكان ڕایگەیاند، لە پڕۆسەیەكی ئەمنیدا لە پارێزگای دیالە تۆڕێك دەستگیركران كە لە سێ تۆمەتبار پێكدێن و كاری بازرگانی و گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەكانیان كردووە.
وتیشی، “باندەكە تابلۆیەكیان پێگیراوە كە دەگەڕێتەوە بۆ پیكاسۆ-ی وێنەكێشی بیانی و نرخەكەی بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێت”.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق وێنە یان وردەكاریی زیاتری لەبارەی تابلۆكەوە بڵاونەكردەوە، هەروەك نەزانراوە كە ئایا لەمیانەی پڕۆسەكەدا كاری هونەریی دیكە دۆزراوەتەوە یان نا.
دەستگیركردنەكە ڕۆژی شەممە بووە لە چێوەی هەڵمەتێكی بەرفراوان كە لە تەمموزی ڕابردووەوە دەستیپێكردووە، تائێستا لە ئاكامیدا 1300 تۆمەتبار دەستگیركراون، سەرەڕای دەستبەسەراگرتنی 44 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر.