گەشتی ئاسمانیی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری چیك-دا دەستپێدەكات، سەرەتاش بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەبێت.
كونسوڵخانەی گشتیی چیك لە هەولێر ڕایگەیاند، هەفتانە گەشتی ئاسمانی لە نێوان پراگ و هەولێر ڕێكدەخرێت و گەشتەكان چوون و هاتن دەبن.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە ئەمڕۆ دووشەممە لە هەولێر ڕێكخرا، كاریل كورتانیك كونسوڵی گشتیی چیك لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، كۆماری چیك كارئاسانی بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەكات بە مەبەستی وەرگرتنی ڤیزای ئەو وڵاتە و وتی، گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان هەولێر و پراگ دووشەممانی هەموو هەفتەیەك ئەنجامدەدرێن.
پێشتر هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە شێوازی ترانزێت دەیانتوانی گەشت بۆ چیك بكەن كە یەكێكە لە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا و هاوسنوورە لەگەڵ نەمسا و ئەڵمانیا.