سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازی دەکات لە دەستپێشخەریی نوێ بۆ دەربازبوون لە ئاستەنگە سیاسییەکان

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیكرد لە هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح.

لە دیدارێكدا كە شاڵاو كۆسرەت ڕەسوڵ و خالید شوانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئامادەيبوون، دوایین پەرەسەندنە سیاسییەكان و دەستپێشخەریی نوێ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێكران و بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕكرا.
لە دیدارەكەدا جەخت لە یەكخستنی ھەوڵە نیشتمانییەكان كرایەوە لە پێناو دۆزینەوەی دەرچەی دەستووری و یاسایی بۆ دەربازبوون لەو دۆخە نەخوازراوەی عێراقی تێكەوتووە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆكان و دیالۆگی بونیادنەرانە بۆ زاڵبوون بەسەر كێشەكاندا.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیدارەكەدا جەختیكردەوە كە یەكێتی پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەك دەكات كە سەرجەم لایەنەكان كۆبكاتەوە و ئامانج لێی گەیشتن بێت بە ڕێككەوتنێكی نیشتمانی و دەربازكردنی وڵات لەو دۆخەی تێیكەوتووە.

سەرۆك بافڵ ڕوونیشیكردەوە، “لە ماوەی ڕابردوودا بە هەمان سیاسەتی سەرۆك مام جەلال داوای گفتوگۆی نیشتمانیمان كرد بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگییەكان، بۆ ئەمڕۆش ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە كە لەگەڵ دیدگای یەكێتی یەكدەگرێتەوە و لە خزمەتی گشتی و سەقامگیریی وڵاتدایە یەكێتی پشتیوانی دەكات”.

بابەتی پێشتر

ئاگادارییەك بۆ شۆفێران و هاوڵاتییانی شاری هەولێر

بابەتی دواتر

نوێترین زانیاری لەبارەی هەوڵی تیرۆركردنی پەرلەمانتارێك و ئەندامێكی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share