ئەنجومەنی باڵای دادوەری وەڵامی داواكاریی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەداتەوە

ئەنجومەنی باڵای دادوەری وەڵامی داواكارییەكەی موقتەدا سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەداتەوە و دەڵێت، ئەو دەسەڵاتەی نییە.

ئەنجومەنەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، پاش دانیشتنێكی ئەمڕۆی دادوەرانی باڵا تاوتوێی داوایەكی موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر لە 10ی ئاب كرا تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پاش گفتوگۆ و بەدواداچوون ئەنجومەن هاوڕایە لەگەڵیدا لە دیاریكردنی لایەنە نەرێنییەكانی دۆخی سیاسی كە وڵات پیایدا تێدەپەڕێت، هەروەها سەرپێچییە دەستوورییە بەردەوامەكان كە خۆی لە تەواونەكردنی پێكهێنانی دەسەڵاتە دەستوورییەكان دەبینێتەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و پێكهێنانی حكومەت لە ماوەی دەستووریدا كە حاڵەتێكی قبوڵنەكراوە و پێویستی بە چارەسەر و ڕێگەنەدان بە دووبارەبوونەوەیەتی.

دەشڵێت، “ئەم پرسەش سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری لە زیاتر لە بۆنەیەكدا ئاماژەی پێداوە و چارەسەری پێویستی بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی لە ئایندەدا دیاریكردووە لەڕێی پێشنیاركردنی هەمواری هەندێك لە ماددە دەستوورییە پەیوەندیدارەكان”.

ئەنجومەنەكە لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەیدا دەڵێت، هەرچی سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانە لەلایەن ئەنجومەنەكەیانەوە بۆ چارەسەری ئەو پێشێلكارییە دەستوورییانە، وەك پێشتر هەمان پێشنیاری خراوەتەڕوو، وەڵامیان ئەوەبوو كە ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی نییە.

ڕوونیشیدەكاتەوە، ئەركەكانی بەپێی ماددەی 3 لە یاسای ئەنجومەنی باڵای دادوەری ژمارە 45ی ساڵی 2017 دیاریكراوە كە بەكۆی گشتی پەیوەندیدارە تەنها بە ئیدارەی دادوەری و لەنێویاندا هیچ دەسەڵاتێكی نییە بۆ دەستوەردان لە كاروباری هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن، وەك پەیڕەوكردنی بنەمای جیاكردنەوەی سێ دەسەڵاتەكەی یاسادانان، جێبەجێكردن و دادوەری كە لە ماددەی 47ی دەستووری كۆماری عێراق لە ساڵی 2005دا هاتووە.

لە كۆتایشدا ئەنجومەنی باڵای دادوەری داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسی و میدیاییەكان دەكات “دادگا لە ململانێ و ڕكابەرییە سیاسییەكان نەگلێنن” و دووپاتیشیدەكاتەوە، بە هەمان دووری لە هەمووان وەستاوە، بەهۆی ئەوەی ئەو بنەمایەی جەختی لەسەر دەكاتەوە جێبەجێكردنی دەستوور و یاسایە، ئەمەش بنەمایەكی گشتییە بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەبن بە هەمان پێوەر و شایەنی هەوڵی تاكەكەسی و لێكدانەوە نییە.

لە 10ی ئەم مانگە موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر لە تویتێكدا ڕایگەیاند، هەندێك دەڵێن هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران پێویستی بە دانیشتنی ئەنجومەنەكە هەیە، هەندێك فراكسیۆنی تیایە پەیوەستە بە پشك پشكێنە و بەردەوامیدان بە گەندەڵی و ناچنە ژێر خواستی هەڵوەشاندنەوە، بەڵكو دەڵێم هەڵوەشاندنەوەكە تەنها ئەو ڕێگایەی نییە.

داواشی لە لایەنە دادوەرییە تایبەتمەندەكان و بەتایبەتیش سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كرد ڕێڕەوەكە ڕاستبكاتەوە، بەتایبەت دوای كۆتاییهاتنی وادەی دەستووریی بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و ڕاسپاردنی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكومەت.

سەدر ئەوەشی وت، تائێستا چاوەڕوانیی هەنگاوی باش لە دادگای عێراقی دەكات سەرەڕای ئەو فشارە سیاسی، ئەمنی و دزەپێكردنانەی لێرەولەوێ هەن، تا بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بدات دوای ئەو سەرپێچییە دەستوورییانەی ئاماژەی پێداوە.

بابەتی پێشتر

کەشناسی: لە سبەینێوە پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە

بابەتی دواتر

لە هەولێر خانەنشینێک لە سەرەی وەرگرتنی مووچەدا گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە پەرلەمانی عێراق چی دەگوزەرێت؟

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵ بەردەوامە، تا ئێستاش وادەیەك بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی…
زیاتر ببینە

عامری و حەلبووسی كۆبوونەوە

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح كۆبوونەوە و دۆخی عێراق و دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی وڵاتیان تاوتوێكرد.…
Total
0
Share