تەنها لە ماوەی یەك هەفتەدا زیاتر لە سێ هەزار ئۆتۆمبێلی نوێ لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون، 934 ئۆتۆمبێلیش تابلۆكانیان گۆڕیوە بۆ تابلۆی نوێ.
فەرمانگەی میدیای و زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، بەپێی ئامارێكی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، لە ماوەی یەك هەفتەدا واتا لە 5ی ئابی 2022 تاوەكو 11ی ئابی ئەمساڵ لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان سێ هەزار و 89 ئۆتۆمبێلی نوێ تۆما كراون، كە دوو هەزار و 158 ئۆتۆمبێلیان لە پارێزگای هەولێر و 650 ئۆتۆمبێلیان لە پارێزگای سلێمانی و 281 ئۆتۆمبێلیان لە پارێزگای دهۆك بوون.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا 934 ئۆتۆمبێل تابلۆكانیان گۆڕیوە بۆ تابلۆی نوێ، كە 652 ئۆتۆمبێلیان لە پارێزگای هەولێر و 70 ئۆتۆمبێلیان لە پارێزگای سلێمانی و 114 ئۆتۆمبێلیان لە پارێزگای دهۆك بوون.
ئاماژە بەوەشكراوە، هەزار و 391 مۆڵەتی شۆفێری بۆ یەكەمجار دراوە بە هاوڵاتییان كە 397 مۆڵەتیان لە پارێزگای هەولێر و 347 مۆڵەتیان لە پارێزگای سلێمانی و 288 مۆڵەتیان لە پارێزگای دهۆك و 56 مۆڵەتیان لە پارێزگای هەڵەبجە و 104 مۆڵەتیان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و 40 مۆڵەتیان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بووە و 105 مۆڵەتی دیكە لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین و 54 مۆڵەتیان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون.