تا ئێستا 38 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان واژوویان کردووە کە پرسی دواکەوتنی موچە لە دانیشتنی ڕۆژی دووشەممە 30 ی تشرینی دووەم ی پەرلەمانی کوردستاندا جێبکرێتەوە.
کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بە واژووی ئەو نزیکەی 40 ئەندام پەرلەمانە دەمانەوێت پرسی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران لە دانیشتنی بەیانی ڕۆژی دووشەممە دا جێگەبکرێتەوە و لە پەرلەمانەوە ڕێگەچارەیەک بۆ پرسی دواکەوتنی موچە دابنرێت”.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان وتیشی، “ئامانجی ئەو ئەندام پەرلەمانانە لە یاداشتەکەیان ئەوەیە فشاریش لە حکومەتی هەرێم بکەن بۆ زوو ناردنی شاندیک بۆ بەغداد تا پرسی موچەی فەرمانبەران یەکلایی بکرێتەوە، چونکە بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیانەوە فەرمانبەران لە دۆخێکی ئابوری قورسدان”.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کارنامەی دانیشتنی ڕۆژی 30 ی تشرینی دووەمی ئاشکراکردووە و پەرلەمانتاران بانگهێشت دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێک لەوانە پرسی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازهیاسای پهروهرده و خوێندن لهههرێمی كوردستان دەکرێت.
هاوکات لە دانیشتنەکەی ڕۆژی دووشەممە دا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازهیاسای ههموارى یهكهمی زانكۆ تایبهتهكان لهههرێمی كوردستان دەکرێت.
لە دانیشتنی ڕۆژی دووشەممە دا گفتوگۆکردن لەسەر دیاردەی کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوام دەبێت و وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان ئاماژەی پێکردووە وەزیرە پەیوەندیدارەکانی حکومەت لەسەر ئەم پرسە لە پەرلەمان ئامادە دەبن و بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا وەزیری ڕۆشنبیری و پلاندان ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن.