نەوت لەماوەی دوو مانگدا 30%ی نرخەكەی لەدەستدا

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نرخی نەوت بەردەوام ڕوو لە دابەزینە، پاش ئەو بەرزبوونەوەیەی لەدوای شەڕی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا بەخۆیەوە بینی.

خاوی ڕۆژئاوای تەكساس كە نرخی پێوانەیی نەوتە لە ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕێژەی 28%ی نرخەكەی لەدەستداوە لەدوای دوایین بەرزبوونەوەیەوە لە سەرەتاكانی حوزەیرانی ڕابردوو، نرخەكەی گەیشتە نزیكەی 90 دۆلار.

هەروەها خاوی برێنت، پێوەری نێودەوڵەتی، ڕێژەی 24%ی نرخەكەی لەدەستداوە لەدوای بەرزترین ئاستی لە حوزەیرانی ڕابردوو، ئەمڕۆ بە نزیكەی 95 دۆلار بوو بۆ هەر بەرمیلێك.

ئاستی دابەزینی خاوی برێنت بەڕێژەی 30% بەراورد بە بەرزترین ئاستی لە ئازاری ڕابردوو دابەزیووە كە ئەوكات گەیشتە 140 دۆلار.

كەوایە بۆچی ئەم دابەزینە زۆرە؟
ڕاپۆرتێكی سایتی (بزنس ئینسایدەر) ئاماژە بۆ سێ هۆكار دەكات كە سەرچاوەی ئەو دابەزینەی نرخی نەوتن ئەوانیش ترس لە داڕمان، بەرهەمی ڕوسیا و پاشەكشەی خواست.

هۆكاری سەرەكی كە وادەكات نرخەكان ڕوو لە كەمبوونەوە بن زیادبوونی ترسە لەوەی ئابورییە سەرەكییەكانی جیهان ڕووبەڕووی داتەپین دەبنەوە لە كاتێكی دیكەی ساڵی داهاتوودا.

كاتێكیش ئابوری لاوازدەبێت، خواست لەسەر وزە بەشێوەیەكی سروشتی كەمدەكات، ئەمەش نرخ دادەبەزێنێت.

مانگی ڕابردوو ئامارەكان ئاشكرایانكرد ئابوریی ئەمریكی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا.

هەروەك وادەردەكەوێت كە شانشینی یەكگرتوو و ناوچەی یۆرۆ لە لێواری خزان بەرەو داڕماندان، وەك ئەوەی لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە.

هەندێك لە شیكارانیش دەڵێن، هێزی دۆلار بەهەمان شێوە كاریگەریی لەسەر خواستی جیهانی هێناوەتە ئاراوە، ئەمەش بووەتەهۆی دابەزینی نرخەكان.

نرخی نەوت بە دۆلار دەپێورێت، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەمساڵدا وایكردووە سوتەمەنی گران بكەوێت لەسەر هەندێك لە كڕیاران.

هۆكارێكی دیكەش ئەوەیە سەرەڕای سزاكان بەرهەمهێنانی ڕوسی بەهێزترە لەوەی شیكاران پێشبینییان دەكرد.

چی لەبارەی ئایندەی نزیكەوە دەوترێت؟
زۆرێك لە شیكاران دوودڵن دەربارەی ئەوەی ئایا نرخەكان بەردەوام دەبێت لە دابەزین یان بوژانەوە بەخۆیانەوە دەبینن.

شیكاران لە دامەزراوەی (سیتی گروپ) دەڵێن، نرخەكان تا كۆتایی ئەمساڵ بۆ 65 دۆلار دادەبەزن، ئەگەر ئابوریی جیهان ڕووبەڕووی داڕمانێكی خراپ ببێتەوە.

تەنانەت بەبێ ڕوودانی داڕمانیش، سیتی گروپ كە دامەزراوەیەكی داراییە، پێشبینی دەكات نرخەكان تا نزیكەی 85 دۆلار تا كۆتایی ئەمساڵ داببەزێت.

لای خۆیەوە بانكی گۆڵدمان ساكس پێشبنییەكانی لەم هەفتەیەدا كەمكردەوە، بەڵام وتی تائێستا پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەكات، بۆ هۆكارگەلێك كەمترینیان ئەوەیە باوەڕی وایە خواست زیاتر لەوەی زۆرێك هەستی پێدەكەن.

وتی، خاوی برێنت لە چارەكی سێیەمدا بۆ 110 دۆلار و 125 دۆلار لە چارەكی چوارەمدا بەرزدەبێتەوە.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەژی ئەمین چووەتە ناو پارتییەوە و هەقە ئەوان نەسیحەتی بكەن

بابەتی دواتر

عەلی باپیر: بۆ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن پێویسته‌ یه‌كێتی و پارتی بێنه‌ پێشه‌وه‌

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share