كڵاوەی ئاسنین ئیسرائیلی لە 97%ی مووشەكەكانی بزوتنەوەی جیهاد پاراستووە‏

كڵاوەی ئاسنین بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2011دا خرایە كار

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، سیستمی كڵاوەی ئاسنینی بەرگریی ئاسمانی ڕێگری لە 97%ی ئەو مووشەكانە كردووە كە لە غەززەوە هەڵدراون.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری وتەبێژێكی سەربازیی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاند، سیستمی بەرگری ڕێگری لە 97%ی ئەو مووشەكانە كردووە كە بەهۆی بارگرژییەكان لەگەڵ بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە غەززە لە ڕۆژی هەینییەوە بە ئاراستەیان هەڵدەدرێن، بە “باشترین توانای سیستمەكە تائێستا” ناویبردووە.

وتەبێژەكە وتیشی، “بەردەوام كار لەسەر باشكردنی تواناكانمان دەكەین” ڕوونیشیكردەوە، بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 580 مووشەكی ئاراستەی ئیسرائیل كردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، نزیكەی 20%ی ئەو 580 مووشەكە لەناو خودی كەرتی غەززەدا كەوتوونەتە خوارەوە، ئەودوایان لە دەوروبەری تەلئەبیب و قودس كەوتوونەتەوە.

پێشتر بینی گانتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دووپاتیكردەوە، تەلئەبیب درێژە بە كاركردن دژ بە بزوتنەوەی جیهاد دەدات تا گەڕانەوەی ئارامی و دوورخستنەوەی هەڕەشەكان لە دەوروبەری غەززە.

ئەوەشی وت، “پڕۆسەی سەربازی دژ بە بزوتنەوەی جیهاد بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی پێویست بێت”.

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانییانی بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەرزبووەتەوە بۆ 32 كە لە نێوانیاندا شەش منداڵ هەن.

وەزارەتەكە ڕوونیشیكردەوە، بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە كە لە هەینی-یەوە دەستیپێكردووە 215 كەسیش برینداربوون.

سوپای ئیسرائیل-یش دەستگیركردنی نزیكەی 20 ئەندامی چالاكی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە بەری خۆرئاوا ڕاگەیاند.

كڵاوەی ئاسنین بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2011دا خرایەكار، مووشەك ئاراستەی ئەو مووشەكانە دەكات كە ئاراستەی ئیسرائیل دەكرێت لەگەڵ ڕێگری لە هەڕەشە كورت مەودا ئاسمانییەكان.

پێشتر بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریكی ڕێژەی سەركەوتنی كڵاوەی ئاسنینیان لە ڕێگریكردن لە مووشەك بە 85% دیاریكرد، ئەم ژمارەیە لە جەنگی غەززە لە ساڵی 2012دا بۆ 90% بەرزبووەوە.

بابەتی پێشتر

زانكۆكانی سلێمانی و سەڵاحەدین و هەڵەبجە بە ڕاپرسی یەكپۆشیی خوێندكاران یەكلادەكەنەوە

بابەتی دواتر

تایوانیش دەستی بە جووڵە كرد <br> چین: بەشێوەیەكی ڕێكخراو مانۆڕ بەردەوام دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share