زانكۆكانی سلێمانی و سەڵاحەدین و هەڵەبجە بە ڕاپرسی یەكپۆشیی خوێندكاران یەكلادەكەنەوە

یەكپۆشی بووەتە پرس لە زانكۆكاندا

بۆ یەكلاكردنەوەی سیستمی یەكپۆشیی جلوبەرگ، زانكۆكانی سلێمانی و سەڵاحەدین ڕاپرسی لەنێو خوێندكاراندا ئەنجامدەدەن و سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجەش دەڵێت، لەئێستادا هیچ پلانێکیان لەوبارەیەوە نییە، بەڵام ئەگەری هەیە ڕاپرسی بە خوێندکاران بکەن.

ماوەی دوو ڕۆژە سەرۆكایەتیی زانكۆی سلیمانی فۆڕمێكی ڕاپرسی بەشێوەی بەشێوەی ئۆنلاین بڵاوكردووەتەوە، بۆ ئەوەی بە ڕاپرسیی ناو خوێندكاران بڕیار لەبارەی پەیڕەوكردنی سیستمی یەكپۆشی بدات.

د. پێشڕەو حەمەجان یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری خوێندكاران بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەگەر لەڕێی ڕاپرسییەكەوە بۆمان ڕوون بووەوە كە زۆرینەی خوێندكاران لەگەڵ یەكپۆشییەكەدان، ئەنجامی ڕاپرسییەكە دەبەنەوە بەردەم ئەنجومەنی زانكۆ و بڕیاردەدرێت، بڕیارەكەش بەجۆرێك دەبێت كە لەگەڵ ڕای زۆرینەی خوێندكاراندا بێت.

خوێندكارانیشی دڵنیاكردەوە لەوەی وەك ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرەكانیاندا كراوە، “بابەتەكە بڕیارنییە و ڕاپرسییە، دواجار ئەوەی بڕیاری یەكلاكەرەوە لەسەر ئەم بابەتە دەدات خوێندكاران خۆیانن”.

دەربارەی ئەوەی ئایا بۆچوونی سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانی لەبارەی ئەو پرسەوە چۆنە، پێشڕەو حەمەجان وتی، “هەموو پرۆسەیەك لایەنی باش و خراپی هەیە، ئەمە ڕەنگە كۆمەڵێك گرفت لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، كۆمەڵێك خوێندكار لەگەڵیدا نەبێت، بەڵام بەپێی ئەو لێكدانەوانەی كراون، جۆرێك لە دادپەروەری لەنێوان خوێندكاراندا دروستدەكات، بەتایبەت بۆ ئەوانەی جیاوازیی ئاستی داراییان هەیە. هەروەها جۆرێك لە كەشێكی ئاسایش و ئارامی لەناو زانكۆدا دروستدەكات”.

ڕوونیشیكردەوە، لە ئەگەری جێبەجێكردنیدا خوێندكاران دڵنیادەبن هەموو ئەوانەی لە دەوروبەریانن خوێندكاری زانكۆن، لەڕووی دەروونیشیەوە جۆرێك لە پابەندی لای خوێندكار دروستدەكات كاتێك بەم یەكپۆشییەوە دەبێت، وای لێدەكات لەناو زانكۆ و دەرەوەیدا پابەندبێت بە ڕێكاری خوێندكاری زانكۆوە و بەو شێوەیە هەڵسوكەوت بكات.

پێشتریش دکتۆرە مەهاباد کامیل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە سەبارەت بە ئەگەری یەکپۆشی لە ساڵی نوێی خوێندندا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، “هیچ پلان و بڕیاریکمان لەوبارەیەوە نییە، هیچ لایەن و گروپێکی خوێندکارانیش بۆ ئەو پرسە پەیوەندیی پێوەنەکردووین، بەڵام ئەگەر وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری لەبارەوە بدات جێبەجێی دەکەین”.

باسی لەوەشکرد، “ئەگەری هەیە ڕاپرسی لەناو خوێندکاراندا بکەین بۆ یەکپۆشی ئەگەر زۆرینەیان پێیانباشبوو جێبەجێی دەکەین و ئەگەرنا ئێمە ناتوانین بەزۆر بەسەر خوێندکاراندا بیسەپێنین”.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆكایەتیی زانكۆی سەڵاحەدین بڕیاری پەیڕەوكردنی سیستمی یەكپۆشی خوێندكارانیدا، بەڵام دواتر بڕیاریدا بۆ ئەو پرسە ڕاپرسی لەنێو خوێندكاراندا ئەنجامبدات و هەنگاو لەسەر ئەنجامەكەی بنێت.

د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، وامانکرد بڕیارەکە تاکلایەنە نەبێت، چونکە بڕیارەکە خوێندكار دەیدات و ھەڵوێستی ئەوان وەردەگرین چونکە خوێندكار جێبەجێی دەکات.

وتیشی، “ھەستاوین بە ڕاگەیاندنی ڕاپرسیەکە لە پەیجی سەرەکی سەرۆکایەتیی زانکۆ، ڕاپرسیەکە بۆ ماوەی یەک ھەفتەیە و ئەلیکترۆنیە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو دەستیپێکرد و چوارشەممەی داھاتوو کۆتایی پێدێت و ڕایدەگەیەنین”.

بە وتەی سەرۆكی زانكۆ ژمارەیەكی زۆری خوێندكاران بە بەڵێ وەڵامی ڕاپرسییەكەیان داوەتەوە.

بابەتی پێشتر

شارەزوور.. گەنجێك بە گولـلە كوژرا

بابەتی دواتر

كڵاوەی ئاسنین ئیسرائیلی لە 97%ی مووشەكەكانی بزوتنەوەی جیهاد پاراستووە‏

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

شۆفێران ئاگاداردەكرێنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، “بە هەوڵی تیمەكانی شارەوانیی پێنجوێن، پۆلیسی هاتوچۆ و ناوخۆ رێگای ملەكەوە كرایەوە و…
زیاتر ببینە

سبەی ئەگەری بارانبارین ھەیە

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی ھەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی تشرینی یەكەم پێشبینییەکانی کەشوھەوای 48 کاتژمێری داھاتوو ڕاگەیاند، پێشبینی ئەوە دەکات…
Total
0
Share