عاشورا لە یادەوەریی مسوڵمانانی شیعەی عێراق و وڵاتانی دیكەدا پێگەیەكی تایبەتی هەیە، ساڵانە سرووت بە یادی كوژرانی ئیمام حسێن لە نزیك كەربەلا لە سەدەی حەوتەمی زاییندا دەگێڕن و چالاكی جۆراوجۆر ئەنجامدەدەن، بۆچی شیعە ئەم یادە دەكەنەوە و ئەو سرووتانەی ئەنجامیدەدەن چین؟
مێژوونووسان دەگێڕنەوە، حسێن كوڕی عەلی كوڕی ئەبو تاڵب لە ساڵی 680ی زایینیدا لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسوكار و یاوەرانی لە حیجازەوە ڕوویان لە كوفە كرد بۆ داواكردنی خەلافەت دوای ئەوەی بانگێشتی لە خەڵكی عێراقەوە پێگەیشت. ئەوكات یەزیدی كوڕی معاویە خەلافەتی گرتبووە دەست بەهۆی مردنی باوكیەوە معاویەی كوڕی ئەبو سوفیان-ی خەلیفەی ئەمەویی یەكەم.
بەڵام والیی یەزید لە بەسڕە و كوفە هێزێكی ڕەوانەكرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیمام حسێن و ژمارەیەكی كەمی شوێنكەوتووانی، بەهۆیەوە ناچاربوون گەشتەكەیان بەرەو كەربەلا بگۆڕن. لەوێ گەمارۆدران و ڕێگەیان پێنەدرا دەستیان بە ئاوی فوڕات بگات، پاش دەستپێكردنی شەڕ لەنێوانیاندا هەر لەوێ كوژران، ژن و منداڵەكانیشیان بەدیل گیران، كە لە نێوانیاندا زەینەب-ی خوشكی و ئیمامی چوارەمی شیعە هەبوو، كوشتنی حوسێن لە سەرەتای مانگی موحەڕەم-دا بوو.
موحەڕەم
مانگی موحەڕەم یەکەمین مانگی ساڵنامەی کۆچی-یە لە ئیسلامدا، یەکی موحەڕەم ڕۆژێکە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئیسلامی پشووی فەرمییە و بە سەری ساڵی ئیسلامی ناوزەند دەکرێت.
واتای وشەی “موحەڕەم” لە زمانی عەرەبیدا بریتییە لە “قەدەغەکراو”. بۆیە بەم ناوەوە ناونراوە، چونکە لە ئیسلامدا بەرپاکردنی جەنگ و خوێنڕشتن و کوشتن لەم مانگەدا قەدەغەیە. دیاریکردنی مانگی موحەڕەم وەکو سەرەتای ڕۆژمێری کۆچی لە کۆتا ڕۆژی مانگی زولحیجە لە ساڵنامەی کۆچی، لە ڕێگەی بینینی مانگەوە فەلەکناسانی ئیسلامی یەکەم دیاریدەکەن. لە سەردەمی دەسەڵاتی عومەری کوڕی خەتاب ساڵنامەی کۆچی دیاریکرا و بە فەرمانی ئەو دانرا، ڕووداوی کۆچی پێغەمبەری ئیسلام و ئەبوبەکری سدیقی هاوەڵی لە مەککەوە بۆ مەدینە بووە دەسپێکی ساڵنامەکە، مانگی موحەڕەم بە یەکەمین مانگ هەڵبژێردرا.
وەرچەرخانی مێژوویی
کوشتنی حسێن و لایەنگرانی و بە كۆیلەكردنی بنەماڵەکەی لە “ڕووداوی ئەلتوف”دا وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە دیاریکردنی ڕەوتی ڕێوڕەسمەکانی مەزهەبی شیعە، كە تا ڕادەیەكی زۆر بەشداربوو لە دیاریكردنی ناسنامەكەیدا. کوشتنی ئیمامی سێیەم لە نێو دوانزە ئیمامەكەی شیعە لە ساڵی 61ی کۆچیدا بووە جیاكەرەوەیەكی مێژوویی کە ساڵانە بانگەوازی بۆ دەکەن و یادیدەكەنەوە بۆ بیرکردنەوە لە واتا و ماناکانی.
بەڵام سیمبولیزمی ڕووداوەکە و وانەکانی لە بازنەی بیروباوەڕی ئایینی یان پەیوەندیی تایفی تێپەڕیووە و گەیشتووەتە ئەو ناوەندە کۆمەڵایەتی و سیاسییە بەرفراوانانەی دژی نادادی وەستاون و داوای دادپەروەری دەکەن، پشتبەست بە وتەی ئەوكاتی حسێن كە دەڵێت، “من بۆ داوای چاكسازی هاتوومەتە دەرەوە”.
هەرچی سرووتەكانی پەیوەست بەو بۆنەیەیە، كە لە 1ی موحەرەم-ەوە دەستپێدەكات و لە 10ی موحڕەم دەگاتە ترۆپك، تەنها لە تایفەی شیعەی عێراقدا كورت نەبووەتەوە، بەڵكو لەو وڵاتانی دیكەی ئیسلامیشدا كە تایفەی شیعەیان تیایە یادی دەكرێتەوە، هەروەك بۆ هەندێك وڵاتی دیكەش پەڕیوەتەوە.
دابونەریت
لە دە ڕۆژی یەكەمی موحەڕەم-دا كۆڕی ماتەمی حوسەینی دادەنرێت و كاروانی شیعەكان بۆ یادكردنەوەی ڕووداوەكە و دەربڕینی دڵتەنگی بە گریان و لێدان لە سنگ دەكەونەڕێ. ڕەنگی ڕەش بڵاودەبێتەوە وەك دەربڕینی دڵتەنگی لە جلوبەرگەوە تا ئاڵای بەشدارانی ماتەمەكە.
ئەو ماتەمگێڕان و كاروانانە، كە هاوكاتە لەگەڵ پێشكەشكردنی خواردن بەوانەی پێویستیانە، لە دیارترین سرووتەكانی شیعەیە ئەوانەی باوەڕیان بە پەرەپێدانی ئاینەكە و درێژەدان بە بیروباوەڕەكەیان هەیە.
لە هەندێک ناوچەدا یادەکە شانۆگەریکردنی ئەو ڕووداوە لەخۆدەگرێت، کە تێیدا نمایشی کراوە بە ناوی “التشابيه” پێشکەشدەکرێت، تیایدا ڕووداوەکانی کەربەلا و کارەکتەرە سەرەکییەکانی بەرجەستە دەکرێن، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بینەر.
بەڵام ئەم سرووتە، لای هەندێكی دیكەیان، لە ناوەرۆكەكەی دەردەچێت كە خۆی لە یادكردنەوەی و سوودوەرگرتن لە وانەكانیدا دەبینێتەوە، بۆ ئەزیەتدانی جەستە لەڕێی لێدان لە سەر بە کەرەستەی تیژ و بەکارهێنانی زنجیری ئاسن بۆ لێدانی شان و پشت و چالاكییە توندوتیژەکانی دیكە. ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە لە نێو خودی باوەڕدارانی شیعەدا مشتومڕی لەسەرە.
هەندێك بە جۆرێک لە هەستکردن بە تاوانی مێژوویی دەیبینن بەهۆی “پشتكردنە ئیمام حسێن و پشتگیرینەکردنی” کاتێک ڕوویكردە کوفە، کەسانێکیش دەیگەڕێننەوە بۆ نەزانی لە یادكردنەوەی ڕووداوەكەدا.
یادی كوژرانی حسێن و چلەكەیشی لە شاری كەربەلا دەكرێتەوە، زیارەتكاران لە شار و ناوچە جیاجیاكانی عێراق و دەرەوەیدا ڕووی لێدەكەن، بەڵام سرووتەكانی لە شارەكانی دیكەشدا ئەنجامدەدرێن، ئەو شارانەی زۆرینە شیعەنشینن لە عێراق، هەروەك لە وڵاتانی دیكەش بەڕێوەدەچن.
سنوورداركردنی سرووتەكان
دەسەڵاتدارانی عێراق لە سەردەم حوكمی سەدام حسێن-دا ڕێوشوێنی توندیان دانا بۆ سنووردانان بۆ ئەنجامدانی ئەو سرووتانەی شیعە كە زۆرینەی وڵات پێكدەهێنن، ئەو ڕێگرییانە تەنها لە سەردەمی سەدام-دا نەبوو، بەڵكو لە وێستگە مێژوویەكانی پێشووشدا ڕێگری و ئاستەنگی هاوشێوە هەبوون.
مێژوونووسانی شیعە دەڵێت، لە سەردەمی مەمالیكەكان كە لە ناوەڕاستەكانی سەدەی هەژدە تا چارەكی یەكەمی سەدەی نۆزدە حوكمی عێراقیان كردووە ڕێگرییان لە دروشمەكانی عاشورا كردووە، بەڵام دواتر لەماوەی دەسەڵاتی عوسمانیدا ئەنجامدراوە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی شا-شدا لە عێراق لە بیست و سییەكانی سەدەی ڕابردوو جارێكی دیكە ڕێگری كراوە.
دوای سەردەمی بەعس
هەرەسهێنانی ڕژێمی سەدام حسێن لە عێراق بووەهۆی دەركەوتنی تەواوەتی تایفەی شیعە لە بواری فەرمانڕەواییدا، دوای ئەوەی پێشتر لەژێر چەپۆكی حكومەتەكانی پێشوودا بوون كە بە “سوننی” ناودەبرا.
لە پاش یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە پارتە ئیسلامییە شیعەكان دەسەڵاتیان بەسەر حكومەتدا گرت بە بەشداری هێزە سوننی و كوردییەكان، بەپێی دەنگەكانیان.
لەوكاتەوە ئەنجامدانی ڕێوشوێن و سرووتەكانی عاشورا و بۆنە ئاینییەكانی دیكە بە ئازادی و زۆرجاریش بێ كۆتوبەند ئەنجامدەدرێن. جگە لەو چەند جارەی كۆبوونەوەكانی شیعە لەو بۆنانەدا كرانە ئامانجی هێرشی خۆكوژی و تەقینەوە لەلایەن گروپە پەڕگیرەكانەوە لەماوەی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بەر لە ڕۆیشتنی لە ساڵی 2011دا.
یادكردنەوەكانی ئەمساڵیش هاوكاتە لەگەڵ ئەو ناكۆكی و دابەشبوونەی لەسەر گەیشتنە كێكی دەسەڵات بەرۆكی لایەنە سیاسییە شیعیەكانی گرتووە.
س: BBC + ئاژانسەكان