وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا كۆبووەوە و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە جەختیلەسەركرایەوە.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند، لە واشنتۆن لەگەڵ برێت مەكگۆرگ ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا كۆبووەتەوە.
ڕاشیگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا هەماهەنگیی هەردوولا بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش جەختیلەسەركراوەتەوە.
وەزیری پێشمەرگە ڕاشیگەیاند، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بوو لەسەر گرنگیی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەت و دووپاتیشكرایەوە تا هەنگاوەكانی پڕۆسەی یەكخستن و یەكگرتنەوەی هێزەكان باشتر و خێراتربكرێن، هاوكاری و یارمەتییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان زیاتر دەبن.