عەلی قەرەداغی: مرۆڤ لە ڕەگەزی نێر و مێ پێكدێت و شتێك نییە بەناوی نێرەموك

عەلی قەرەداغی

لە فەتوایەكدا دەربارەی گۆڕینی ڕەگەز عەلی قەرەداغی دەڵێت، مرۆڤ سنوردار كراوە لەنێوان ڕەگەزی نێر و مێ و شتێك نییە بەناوی پێكهاتەی نێرەموك، دەشڵێت، ئەگەر مرۆڤەكە سروشتی بوو، بە هیچ جۆرێك دروست نیە بگۆڕدرێ‌ بۆ ڕەگەزێكی تر.

عەلی قەرەداغی ئەمیندارى گشتیى یەکێتى جیهانیى زانایانى مسوڵمان دەربارەی پرسی گۆڕینی ڕەگەزی نێرینە بۆ مێینە یان بە پێچەوانەوە لە فەتوایەكدا ڕایگەیاند، هەر مرۆڤێك -بەڵكو هەر شتێكیتریش- تەنها لەسەر ژیانی جووت بەرپا دەبێت، ئەویش نێر و مێیە، یان سارد (سالب) و گەرم (موجب) دامەزراوە، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (سُبْحَانَ الَّذِي خَلَقَ الْأَزْوَاجَ كُلَّهَا مِمَّا تُنْبِتُ الْأَرْضُ وَمِنْ أَنْفُسِهِمْ وَمِمَّا لَا يَعْلَمُونَ) يس36 واتە: (پاكی و بێگەردی و ستایش بۆ ئەو زاتەی كە هەموو دروستكراوانی بە جووت بەدیهێناوە، لەوانەی كە زەوی بەرهەمیان دەهێنێت، لە خۆیشتان و لەو شتانەش كە نایزانن).

دەشڵێت، “مرۆڤ سنوردار كراوە لەم دوو رەگەزەدا واتە (نێر و مێ‌)، شتێك نییە بە ناوی پێكهاتەی نێرەموك كە وەك ڕەگەزێكی سەربەخۆ بوونی هەبێت، بەڵكو شتی لەوجۆرە لە بەرئەنجامی كەموكوڕی و نەخۆشییەوە سەرهەڵدەدات”.

لە فەتواكەدا عەلی قەرەداغی دەڵێت، ئەگەر پزیشكان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كەسەكە لە حاڵەتی گومان و دوودڵی دا بێت لە نێوان نێر و مێینەدا، -واتە پێكهاتەیەكی نێرەموكی بێت بەپێی زاراوەی فیقهناسان- ئەوا دەڕواننە حاڵەتی زۆرینەی ڕەگەزی تیایدا، كە كامیان زاڵترە.

ڕوونیشیدەكاتەوە، ئەگەر زۆربەی هۆرمۆنەكان و نیشانەكان نیشانەی نێرینەیی بن، ئەوا بۆیان هەیە باری ئەو كەسە بگۆڕن بۆ نێرێكی تەواو، ئەگەریش زۆربەیان مێینەیی بن، بۆیان هەیە بیگۆڕن بۆ مێینە.

ئەمینداری گشتیی زانایانی مسوڵمان ئاماژە بەوەشدەكات، بەڵام ئەگەر مرۆڤەكە سروشتی بوو، هەموو هۆرمۆنەكان یان نیشانەكان تیایدا نێر یان مێ بێت، ئەوا بە هیچ جۆر دروست نیە ئەو مرۆڤە بگۆڕدرێ‌ بۆ ڕەگەزێكی تر.

لە كۆتایشدا دووپاتیدەكاتەوە، كێشەكە لە ئەمڕۆدا كێشەی پێكهاتەی نێرەموكی نییە وەك ئەوەی لای فیقهناسە پێشینەكانمان هاتووە، بەڵكو كەسەكە دەیەوێت خۆی بگۆڕی بۆ ڕەگەزێكی دیكە ئەوەش وەك حەزێك و هاوشێوەكانی، ئەوا لەم حاڵەتەدا گومانی تێدا نییە ئەو كارە دەچێتە ناو پرۆسەی گۆڕینی دروستكراوی خواوە، بەم پێیەش ئەوا ئەو گۆڕانە حەرامە، ئەنجامدانیشی لەلایەن پزیشكەوە ئەویش هەر حەرامە، نابێت كاری وای لا پەسەند بێت و بیكات.

بابەتی پێشتر

ڕۆما زەنگی ئاگاداركردنەوەی لێدا

بابەتی دواتر

تین هاگ دۆخی ڕۆناڵدۆ و مانچستەر یونایتدی ئاشكراكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share