هەسارەی زەوی باجی ناكۆكییەكانی واشنتن و پەكین دەدات

بڕیارەكەی چین دەربارەی وەستاندنی گفتوگۆ دووقۆڵییەكان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان دەربارەی گۆڕانی ئاووهەوا گومان لەبارەی توانای جیهان بۆ كۆكردنەوەی هەوڵەكان بۆ چارەسەری دیاردەی قەتیسبوونی گەرما دەهێنێتە ئاراوە.

ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا یەكێك لە بوارە سەرەكییەكانی هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵاتە زلهێزەكە، لەكاتێكدا هەردوو وڵات هۆكاری زۆرترین دەردانی گازەكانی سەرچاوەی قەتیسبوونی گەرمان.

بەڵام چین وتووێژەكانی لەبارەی ئەو پرسە هەڵپەسارد بە كەمتر لە 100 ڕۆژی بەر لە لوتكەی نێودەوڵەتیی مێژوویی ئاووهەوا، ئەمەش وەك وەڵامدانەوەی سەردانەكەی نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بۆ تایوان.

جۆن كێری نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ دۆسیەی ئاووهەوا داوایكرد، هەنگاونان لەو پرسە هەستیارانەدا نەكرێتە قوربانیی ناكۆكییە دووقۆڵییەكان و وتی، “هەڵپەساردنی هەماهەنگی سزای ویلایەتە یەكگرتووەكان نادات، بەڵكو سزایە بۆ جیهان، بەتایبەت وڵاتانی تازەپێگەیشتوو”.

بەدرێژایی چەند ساڵی كەمی ڕابردوو، گۆڕانی ئاووهەوا بوارێكی كراوەی هەماهەنگی بوو لەنێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و چین-دا تا ئەوكاتەی ناكۆكییەكان پەرەیانسەند دەربارەی پرسەكانی دیكەی وەك مافەكانی مرۆڤ، سەروەریی هۆنگ كۆنگ و تایوان، بواری بازرگانی.

سەردانە كورتەكەی هەفتەی ڕابردووی پیلۆسی بۆ تایوان، كە خاوەن خۆبەڕێوەبەرییە و چین بە هەرێمێكی سەر بە وڵاتەكەی ناویدەبات، بووەهۆی توڕەیی پەكین و بەهۆیەوە مانۆڕە سەربازییە دەریایی و ئاسمانییە بێپێشینەكانی لە نزیك تایوان دەستپێكرد.

لێكنزیكبوونەوەی پێشووی نێوان هەردوو وڵات دەربارەی گۆڕانی ئاووهەوا ڕێگاخۆشكەر بوو بۆ ڕێككەوتنی پاریس بۆ ئاووهەوا كە لە ساڵی 2015دا واژووكرا، جگە لە زیندووكردنەوەی وتووێژە نێودەوڵەتییە پەككەوتووەكانی پەیوەست بە ئاووهەوا لە گلاسكۆ لە ساڵی 2021دا.

شیكاران دەڵێن، لەگەڵ نزیكبوونەوەی لوتكەی میحوەریی ئاووهەوا و پاشەكشەی وڵاتان لە بەڵێنەكانی كەمكردنەوەی دەردراوەكان كە لە گلاسكۆ ڕاگەیەنرا، نەمانی پەیوەندی لەنێوان هەردوو وڵاتە زلهێزەكەدا وتووێژەكان هەڵدەگێڕێتەوە و هیواهەڵچنین لەنێو وڵاتانی دیكەشدا لاوازدەكات.

بابەتی پێشتر

پزیشکەکەی بایدن: تەندروستیی سەرۆک باشە بەڵام هێشتا کۆرۆنای تێنەپەڕاندووە

بابەتی دواتر

بەختیار عەلی "بەندەر فەیلی" بڵاودەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەروێز موشەرەف كۆچی دواییكرد

بەیانیی ئەمڕۆ پەروێز موشەرەف، سەرۆكی پێشووی پاكستان لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی دوبەی لە تەمەنی 80 ساڵیدا كۆچی دواییكرد،…
Total
0
Share