بەهۆی بڕیارەكەی پەیوەست بە ڕەوانەكردنی كۆچبەرانەوە بۆ ڕواندا، كاندیدێكی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، شانشینی یەكگرتوو تاوتوێی كشانەوە لە دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ دەكات.
ریشی سوناك كاندیدی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەمیانەی هەڵمەتێكی بانگەشەی هەڵبژاردن وتی، “ئەگەری هەیە ناچاری ئەو بڕیارە بین، هیچ بژاردەیەكیش بەدوورنازانرێت”.
سوناك دووپاتیكردەوە، هەموو هەوڵەكانی دەخاتەكار لەپێناو جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنەی بەریتانیا لەگەڵ ڕواندادا ئەنجامیداوە دەربارەی گواستنەوەی كۆچبەرانی نایاسایی، ئەوانەی لەڕێی دەریای مانش-ەوە خۆیان دەگەیەننە شانشینی یەكگرتوو.
ڕێككەوتنەكە كە لە نیسانی ڕابردوو ئەنجامدرا دەڵێت، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ئەو كۆچبەرانە دەگوازێتەوە بۆ ڕواندا بۆ پێدانی مافی مانەوە، بەڵام پلانەكە ڕەخنە و ناڕەزایەتی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی لێكەوتەوە.
دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤیش ڕێگری لە یەكەم گەشت كرد كە لە حوزەیرانی ڕابردوو تایبەت بە گواستنەوەی كۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە ڕێكخرابوو.