نوێنەری زیندانیان: مانگرتنی زیندانیانی بادینان گەیشتە قۆناغێكی مەترسیدار

نوێنەری زیندانیانی بادینان ڕایدەگەیەنێت، مانگرتنی زیندانیان گەیشتە قۆناغێکی مەترسیدار و لە مەرگ نزیک دەبنەوە و دەڵێت، لەھەر حاڵەتێکی نەخوازراو سکاڵا لەسەر حکومەت تۆماردەکەن.

ئەیھان سەعید ڕۆژنامەنوس و نوێنەری زیندانیانی بادینان ئەمڕۆ لە یاداشتێكدا ڕایگەیاند، بەداخەوە ڕۆژانە ھەواڵی نەخۆش کەوتن و لەھۆشخۆچوونی کەسوکارەکانمان پێدەگات و لە مەرگ نزیک دەبنەوە، لە ئەگەری ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو سکاڵا لە دادگاکانی ھەرێم و بەغداد و نێودەوڵەتیەکان لەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم تۆماردەکەین، چونکە ئەوان “لەژێر کۆنتڕۆڵی پارتی و بە ئاشکرا و نانیشتیمانیانە و بە ڕقێکی سیاسی ڕێگرن لە ئازادبوونی کەسوکارەکانمان، ئەگەر یاسا سەروەربێت دەستبەجێ ئازادەکرێن”.

یاداشتەكە كە ئاراستەی (ڕای گشتی، ھەرسێ سەرۆکایەتیی ھەرێم، نوێنەری وڵاتان و ڕێكخراوەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان و دەستەی مافەكانی مرۆڤ) كراوە دەڵێت، لە ڕۆژی 19ی تەمموزەوە لە ژێر دروشمی ‘ئازادی یان مردن’ زیندانیانی بادینان و بەشێکی دیکەی سزادراوان لە چاکسازیی ھەولێر لە ماگرتنی خواردندان و ڕۆژانە ژمارەیان زیاددەبێت و مەترسیی جدی لەسەر ژیانیان دروست بووە.

ڕوونیشیدەكاتەوە، لەڕووی یاساییەوە بەپێی بڕیاری کەمکردنەوەی 60%ی سزاکەیان لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمەوە و بە ڕەچاوکردنی ئازادکردنی مەرجدار (الإفراج الشرطی) ماددەی 331 و 332 و بڕگەی دوو لە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای ژمارە 23ی بنەماکانی دادگاییکردنی تاوانەکان پێویستە ئازادبکرێن و سەرباری تەواوکردنی سزاکەیان ڕێگری لە ئازادکردنیان دەکرێت.

پێشتر دوو بڕیاری ئازادبوونی مەرجدار زیندانیانی ھەمان ماددە یاساییەکەیان گرتوتەوە، وەك ئەوەی ئەیهان سەعید ئاماژەی پێداوە و دەڵێت، “بەڵام تائێستا داواکاری گشتی ڕا و بڕیاری خۆی لەسەر دۆسیەی زیندانیانی بادینان نادات و وەڵامی بەشی یاسایی چاکسازی ناداتەوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی ئازادبوونی زیندانیان”.

ئاماژە بەوەشدەكات، ئەم دۆسیەیە پرسێکی گشتیە و ئەرکی ھەموو لایەکە بەجدی بێنە وەڵام و ھەڵوێستیان ھەبێت، چونکە ئەو چالاکوانانە لەسەر ڕای جیاواز و خۆپیشاندان و خەباتی مەدەنی سزادراون و ئەمەش مەترسیە بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربرین.

بابەتی پێشتر

پێچەوانەی شارەكانی عێراق لە ناوچەیەكی گەرمی هەرێم دەوام زیادكرا

بابەتی دواتر

سەرەڕای بەرزبوونەوە نرخی نەوت لە خوار 100 دۆلار ماوەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قوباد تاڵەبانی: كۆماندۆی كوردستان بوونەتە جێگەی متمانەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، كۆماندۆی كوردستان بوونەتە جێگەی متمانەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. راگەیاندنی فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان بڵاویكردووەتەوە،…
Total
0
Share