دوای سەرنەكەوتنی هەوڵەكانی پێشووی، سوپای توركیا دەیەوێت بە بەكارهێنانی سەگ وەك ئامڕازی شەڕ تونێلەكانی شەڕی گەریلاكانی پەكەكە كۆنتڕۆڵبكات، بەڵام ئەو پیلانەش پوچەڵكراوەتەوە، وەك ئەوەی میدیایەكی نزیك لە پەكەكە ئاماژەی پێداوە.
سایتی فورات نیوز گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، كە تێیدا دەردەکەوێت سوپای تورکیا، کە ناتوانێت بچێتە ناو گۆڕەپانەکانی شەڕ و تونێلەکان، سەگ وەک ئامرازێکی شەڕ بەکاردەهێنێت و دەیخزێنێتە ناو تونێلەكانەوە.
لە گرتەكەدا دەردەكەوێت، سەربازانی تورکیا کامێرایەک و دوو لایت بە سەری سەگەکانەوە دەبەستن و دەیاننێرنە ناو تونێلەکانی شەڕەوە. سایتەكە دەڵێت، “ئەو ڤیدیۆیە زەقترین و کۆنکرێتیترین بەڵگەیە، کە سەربازانی سوپای تورکیا لە دژی بەرخۆدانی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بێدەسەڵات و بێچارە ماونەتەوە”.
ڤیدیۆییەکە ماوەکەی نۆ خولەکە، سەربازانی تورکیا سەرەتا کامێرایەک و لایتێکی لید و هەندێک کەرەستەی دیکەی شەڕ بە سەگەکەوە دەبەستنەوە، پاشان سەگەكە دەبەنە بەردەم تونێلێکی جەنگ و پەتی ملی دەکەنەوە، سەگەکە نایەوێت بچێتە ناو تونێلەکەوە، ڕاهێنەری تایبەتی سوپای تورکیا ڕەفتاری خراپی لەگەڵدا دەکات و ناچاریدەکات بچێتە ناویەوە.
ڕوونیشیكردووەتەوە، ئەو سەگە كە ڕەوانەی تونێلی شەهید هاوڕێ لە گۆڕەپانی شەهید شاهین کرا، لە کاتی شەڕدا کوژرا، لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا لە هەمان تونێل-دا ئەوە دەربینرێت، کە دوای شەڕی نێوان گەریلا و هێزەکانی سوپای تورکیا، تونێلەکە لە سوپای توركیا پاککراوەتەوە و لاشەی سەگەکەش کەوتووەتە دەست گەریلا.