وەزیری پەروەردە لەبارەی فرۆشتنی ئاژەڵ لەلایەن پەروەردەی سلێمانییەوە: سوپاستان دەکەین

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەبارەی فرۆشتنی ژمارەیەک ئاژەڵ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانییەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا سەرەڕای سوپاسی پەروەردەی سلێمانی بۆ گرنگیدان بە خوێندنی پیشەیی، ڕەخنە لە میدیاکانیش دەگرێت.

لە ڕوونکردنەوەکەی وەزیری پەروەردەدا هاتووە، “سوپاس و پێزانینم هەیە بۆ پەروەردەی گشتیی سلێمانی و هەموو پەروەردەی پارێزگاکانی دیکەش کە گرنگی بە خوێندنی پیشەیی دەدەن”.

وەزیری پەروەردە ڕەخنە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە دەگرێت و ڕایگەیاندووە، “هەندێک میدیا هەواڵێک دادەرێژن لەبارەی زیادکردنێکی ئاشکرا بۆ فرۆشتنی چەند ئاژەڵێک بێ لێوردبوونەوە و گەڕان بەدوای وردەکاریدا، بەڵام باشتربوو بەدواداچوونیان بکردایە و دەیان ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی و تەلەڤیزیۆنیان بکردایە بۆ پشتگیریکردنی کەرتی پەروەردە بزانن بنەڕەتی ئەو بابەتە چییە و چۆنە ؟”.

دەقی ڕوونکردنەوەکەی وەزیری پەروەردە:

دەستخۆشی و سوپاس بۆ  بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی :

سوپاس و پێزانیم هەیە بۆ پەروەردەی گشتیی سلێمانی و هەموو پەروەردەی پارێزگاکانی دیکەش کە گرنگی بە خوێندنی پیشەیی دەدەن .

بەداخەوە هەندێک میدیا بێ لێوردبوونەوە هەواڵێک دادەرێژن لەبارەی زیادکردنێکی ئاشکرا بۆ فرۆشتنی چەند ئاژەڵێک بێ لێوردبوونەوە و گەڕان بەدوایی وردەکارییدا، بەڵام باشتر بوو بەدواداچونیان بکردایە و دەیان راپۆرتی رۆژنامەوانی و تەلەفزیۆنیان بکردایە بۆ پشتگیریکردنی کەرتی پەروەردە بزانن بنەڕەتی ئەو بابەتە چییە و چۆنە ؟، ئەوکات دەبوە هاندان بۆ گرنگیدانی زیاتر بە توانا و کارامەییەکانی قوتابیان  و خوێندکاران و رۆڵی دڵسۆزانەی مامۆستاکان ، بۆ بەرچاو ڕوونی هەموو لایەک :

١-ئامادەیی پیشەیی کشتوکاڵ لە بەکرەجۆ یە ، بەشەکانی ( ئاژەڵداری – دەواجن – رووەکداری ) ساڵانە مامۆستایان و  قوتابیان بە پشتگیری دارایی حکومەت ئاژەڵ و پەلەوەر و نەمام دەکڕن و مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران لەو ئامادەییە پرۆژەی کشتوکاڵییان هەیە ، وانەی پراکتکی لەسەر دەخوێنن و بەخێویان دەکەن، کە بەرهەمیان زیاد دەکات و هەروەها کە سوودیان نامێنێت بۆ بابەتی خوێندن ، لە کۆتایی ساڵی خوێندن بە زیادکردنی ئاشکرا و بەشێوەیەکی یاسایی راگەیاندنی فرۆشتنی بۆ دەکرێت چ ئاژەڵ بێت یان پەلەوەر یان گوڵ ونەمام… ، سودەکەی دەبێتە داهات ، بەکاردێت بۆ : ( بەشێکی بۆ پرۆژەی ساڵی ئایندەتر ) بەشێکی قازانجەکەی بۆ ( مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەرانی پەروەردە کە بەشداریان کردوە لە پرۆژەکەدا) بەشێکی دیکە بۆ ( کڕینی پێداویستی تەکنیکی بەشەکانی ئامادەییە کشتوکاڵییەکە) تەرخان دەکرێت.

٢- ئەم کارە ئەنجام دەدرێت بە گوێرەی ( ڕێنمایی پرۆژەکانی بەرهەمهێنان- پیشەیی) .

٣-  ئامادەیی کشتوکاڵی سلێمانی ، ساڵی پار (١٦٠ تۆن ) بەرهەمی گەنمی هەبووە و بە زیادکردنی ئاشکرا فرۆشراوە.

لەکۆتاییدا سوپاس بۆ مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران ، سوپاس بۆ پەروەردەی گشتیی سلێمانی کە توانیویانە بەکردار بەرهەمیان هەبێت .

داوا لە بەشێک لەو میدیا بەرێزانە دەکەم هاندەر بن بۆ کەرتی پەروەردە ، هاندەربن بۆ خوێندنی پیشەیی کە ئێمە وەک کۆمەڵگەی کوردستانی پێویستیمان بە برەودان و پێشخستنی خوێندنی پیشەیی هەیە و لە ئێستادا تواناکانمان چڕکردۆتەوە بۆ پشتگیریکردن و گەشەپێدانی خوێندنی پیشەیی ، هەتا خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی پێشنەخەین بەگوێرەی بازاڕی کار  وپێداویستییەکانی کۆمەڵگە ئەستەمە کادری ئامادەکراوی کارامە بۆ بازاری کاری کوردستان پەیدابکەین ، بەشێکی گەورەی وەرچەرخانی کەرتی پەروەردە ، خوێندن و فێربوونە بەکردار.

ئالان حمە سعید

وەزیری پەروەردە

٢٨ ی ٧ ی ٢٠٢٢

بابەتی پێشتر

ووردەكاریی تەواو لەسەر داهاتووی ڕۆناڵدۆ لەم ڕاپۆرتەدا ببینە

بابەتی دواتر

ڕووداوێكی هاتوچۆ لە كوردستان 28 برینداری لێكەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share