توێژینەوەیەك سوودێكی باوی ڤیتامین D ڕەتدەكاتەوە

توێژینەوەیەكی نوێ كە لە گۆڤاری (نیو ئینگلاند)ی پزیشكی بڵاوكراوەتەوە دەڵێت، سەرەڕای ڕێنوێنی بۆ بەكارهێنانی ڤیتامین دی وەك تەواوكاری خۆراك بۆ تەندروستی ئێسك، بەڵام نابێتەهۆی كەمكردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە شكان لای گەورە ساڵان و پێگەیشتووانی تەندروست.

توێژەران لە نەخۆشخانەی برێگهام، سەر بە كۆلێجی پزیشكیی زانكۆی هارڤارد لە بۆستن گەیشتنە ئەو ئەنجامەی خواردنی ڤیتامین دی بە بڕی 2000 یەكەی ڕۆژانە، نەبووەتەهۆی ڕێگری لە شكانی ئێسكی گشتی، كركڕاگە و ئێسكی ڕان لای گەورە و پێگەیشتووان.

شیکارییەکانی توێژینەوەکە دەریخستووە كاریگەریی ڤیتامین D لەسەر شکانی ئێسک، مەچەک، یان حەوز لەو نمونانەی توێژینەوەیان لەسەر كردووە بوونی نییە، هەروەها هیچ جیاوازییەک تۆمارنەكراوە لەكاتی وەرگرتنی ئەو تەواوكارانە لەلایەن ژن و پیاوانەوە.

هەروەها ئەنجامەکان ئاماژەیان بە هیچ جیاوازییەک نەکردووە لە کاریگەرییەکانی ڤیتامین D لەسەر دەرئەنجامی شکان بەپێی ڕەگەز، بارستەی جەستە یان تەمەن.

دکتۆر مێریل لیبیۆف، بەرپرسی پزیشکیی ئێسک لە نەخۆشخانەی برێگهام و ئامادەكاری سەرەکیی توێژینەوەکە وتی، “بەگشتی ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە پاڵپشتی لە بەکارهێنانی تەواوکەری ڤیتامین D ناکات بۆ کەمکردنەوەی شکان لە پیاوان و ژنانی تەندروستدا”.

وتیشی، “ئەنجامەکان ئەو نەخۆشانە ناگرێتەوە کە بەدەست کەمیی ڤیتامین D دەناڵێنن، بارستەی ئێسکیان کەمە، ئەوانەی تووشی پووکانەوەی ئێسک بوون یان کەسانی بەساڵاچوو”.

ئەنجامەكانیشی بە پێشبینینەكراو ناوبرد، بەهۆی ئەوەی پێشتر توێژەران دەیانوت ڤیتامین دی دەشێت ببێتەهۆی كەمبوونەوەی شكان بەگشتی، شكانی بڕبڕەی پشت و ڕان.

نووسینگەی تەواوکەری خۆراکی سەر بە پەیمانگا نیشتمانیی تەندروستی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕایدەگەیەنێت، زۆرینەی خەڵک بەشێک لە پێداویستییەکانیان لە ڤیتامین D لەڕێگەی بەرکەوتنی تیشکی خۆرەوە دابیندەکەن.

پەیمانگا نیشتمانیی تەندروستی دەڵێت، زۆرجار نەخۆشیی پووکانەوەی ئێسک پەیوەندی بە کەمی وەرگرتنی کالیسیۆمەوە هەیە، بەڵام کەمی ڤیتامین D بەشدارە لەم حاڵەتەدا بە کەمکردنەوەی هەڵمژینی کالیسیۆم.

دامەزراوە نیشتمانییەکانی تەندروستی بە شێوەیەکی بەرفراوان هۆشداری دەدەن لەوەی زۆر خواردنی ڤیتامین D لە خۆراک و خواردنەوە و تەواوکەرەکان ڕەنگە زیان بە تەندروستی بگەیەنێت.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی هاوخەمی بە سەعدی پیرە دەگەیەنێت

بابەتی دواتر

لەبەر دەستکاریکردنی کوالێتیی بەنزین 21 بەنزینخانەی هەولێر سزادران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share