تووشبوویەكی ئایدز دوای وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجە چاکدەبێتەوە

پزیشکەکان دەڵێن، پیاوێک کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تووشبووی ڤایرۆسی کەمیی بەرگری “ئایدز” بووە، بەتەواوەتی چاکبووەتەوە و ئەوەش دەبێتە چوارەم کەس کە لەو نەخۆشییە چاکبووبێتنەوە.

ئەو پیاوەی چاکبووەتەوە، بەهۆی چارەسەرکردنی شێرپەنجەوە بەرگریی بۆ دروستبووە دژی ڤایرۆسەکە، لەکاتێکدا چاندنی مۆخی بۆکراوە وەک ڕێگایەکی چارەسەر بۆ شێرپەنجەی خوێن، بەڵام ئەو کەسە خۆبەخشەی مۆخەکەی لێوەرگیراوە خۆی بە سروشتی بەرگریی دژی ڤایرۆسی ئایدز هەبووە.

تووشبووەکە تەمەنی 66 ساڵە و لە کالیفۆرینا دەژی، بەڵام نەیویستووە ناسنامەی ئاشکرابکرێت دەڵێت، “زۆر دڵخۆشم و سوپاسگوزارم کە چاکبوومەتەوە و هیچ ئاسەوارێکی ڤایرۆسی ئایدز لە جەستەمدا نەماوە”.

ڤایرۆسی ئایدز “HIV” زیان بە سیستمی بەرگریی جەستەی کەسی تووشبوو دەگەیەنێت، جەستە توانای بەرگریکردن و وەڵامدانەوەی بۆ ڤایرۆسەکە نامێنێت، سەرەڕای ئەوەش بەرامبەر نەخۆشی و ڤایرۆسەکانی دیکەش لاواز دەبێت.

ئەو کەسەی چاکبووەتەوە باس لەوەدەکات، “کاتێک لە ساڵی 1988 پشکنینەکانی ڤایرۆسی ئایدز کە بۆمکرابوون پۆزەتیڤ دەرچوون هەستمکرد سزای لەسێدارەدانم بۆ دەرچووە، بیرمنەدەکردەوە تا ئەمڕۆ بژیم و چاکبوونەوەم ببینم”.

هەروەها لە تەمەنی 63 ساڵیشدا لەگەڵئەوەی تووشبووی ئایدز بووە، تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە.

دواتر پزیشکەکان دەگەنە ئەو بڕیارەی ئەو پیاوە پێویستی بە نەشتەرگەریی چاندنی مۆخ هەیە بۆ لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکانی، بە ڕێکەوت ئەو کەسە خۆبەخشەی مۆخی خۆی پێداوە بە سروشتی بەرگریی هەبووە بەرامبەر ڤایرۆسی ئایدز.

بابەتی پێشتر

بارانە لافاوهێنەكەی كەنداو عێراق دەگرێتەوە

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی هاوخەمی بە سەعدی پیرە دەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share