ژنێك سەرۆكی باندەكە بووە
باندێكی بازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤەوە دەستگیركران

لە عێراق، باندێكی بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤەوە دەستگیركران، لە ساڵی 2017وە خەریكی ئەو كارەن و مامەڵەیان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەش هەبووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی دادوەریی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، باندێکی بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤەوە دەستگیرکراون، کە لەساڵی 2017وە دامەزراوە و لە پێنج کەس پێکهاتووە، پێگەیەکی ئەلیکترۆنییان دروستکردوە و لەو ڕێگەیەوە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئەندامی جەستەی مرۆڤییان کردووە.

ئەنجوەمەنەكە دەڵێت، باندەكە کەوتوونەتە ناو بۆسەیەکەوە و دادوەرێک لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا بەشداریی پرۆسەکەی کردووە.

لە پرۆسەكەدا پێنج تۆمەتبار دەستگیركراون، دوای لێکۆڵینەوەی ورد، دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.

باندەكە تا ئێستا هەر خۆیان 250 نەشتەرگەرییان ئەنجامداوە و گورچیلەی مرۆڤ لە دیارترین ئەو ئەندامانە بووە کە بازرگانییان پێوە كردووە.

ئەنجومەنی دادوەریی عێراق ئاشكراشیكردووە، سەرۆکی باندەکە ژنە و لەدایکبووی ساڵی 1972وە، لەگەڵ برایەکی و خوشکەزایەکی پێگەیەكی ئەلیکترۆنییان داناوە و لە فەیسبووکیش پەیجێکییان بە ناوی “گروپی بەخشینی گورچیلە لە عێراق” دروستکردوە، لەرێگەی پەیجەكەوە هەماهەنگی و مامەڵەیان كردووە بۆ کڕین و فرۆشتنی گورچیلە.

نرخی فرۆشتنی گورچیلە بە نەشتەرگەرییەکەیەوە لە نێوان 12 ملیۆن بۆ 21 ملیۆن دینار بووە، وەك ئەوەی ئەنجومەنی دادوەری ئاشكرایكردووە.

دوو کەس لە ئەندامانی باندەکە فرۆشیاری گورچیلەیان دۆزیوەتەوە و بە دوای کڕیاردا گەڕاون، دوای دۆزینەوەی کڕیار، گەشتێکی وڵاتی دراوسێی عێراقییان ڕێکدەخست و پێشەکی بەشێك لەو پارەیەیان بە فرۆشیار دەدا، دوای نەشتەرگەرییەکە پارەی تەواویان لە كڕیارەكە وەردەگرت.

بابەتی پێشتر

ڕوسیا هەناردەی گاز کەمتردەکاتەوە و ئەوروپا دەیەوێت دەستبەرداری ببێت

بابەتی دواتر

حزبوڵڵا لەبارەی هێرشەكەی سەر كۆرمۆرەوە هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share