وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئیلۆن مەسک پەیوەندیی سۆزداریی لەگەڵ هاوژینی هاوڕێکەی هەبووە

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوەدەکات، لە زستانی ڕابردوودا ئیلۆن مەسک خاوەنی کۆمپانیای تێسلا و دەوڵەمەندترین کەسی جیهان، چووەتە پەیوەندیی سۆزدارییەوە لەگەڵ هاوژینی هاوڕێکەی سێرگی برەین کە خاوەنی کۆمپانیای گووگڵە، بەڵام مەسک تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، هەر بەهۆی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیلۆن مەسک سێرگی برەین خاوەنی کۆمپانیای گووگڵ، داوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی کردووە.

بەپێی ڕیزبەندییەکانی پێگەی بلومبێرگ، ئێستا ئیلۆن مەسک بە سامانی 240 ملیار دۆلار لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندیی دەوڵەمەندترینەکانی جیهاندایە، هەروەها سێرگی برەین لە پلەی هەشتەم دایە بە بوونی 95 ملیار دۆلار.

ئەو دوو ملیاردەرە جیهانییە هاوڕێیەتییەکی کۆن و بەهێز لەنێوانیاندا هەیە، لە ساڵی 2008 کاتێک تێسلا ڕووبەڕووی قەیرانی توند بووەوە، کۆمپانیای گووگڵ بڕی 500 هەزار دۆلاری پێبەخشی وەک هاوکارییەک بۆ زیادکردنی بەرهەمەکانی.

هەروەها لە ساڵی 2015 مەسک یەکەم ئۆتۆمبێلی کارەبایی وەرزشی وەک دیاری بەخشییە سێرگی برەین.

بەڵام لەم چەند مانگەی کۆتاییدا ئەو دوو ملیاردێرە ئاڵۆزی و کێشە کەوتووەتە نێوانیانەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ.

برەین فەرمانی بە ڕاوێژکارە داراییەکانی کردووە، بە فرۆشتنی وەبەرهێنانە تایبەتەکانی لەناو کۆمپانیاکانی مەسک، بەڵام ڕۆژنامەکە باسی لەوە نەکردووە قەبارەی وەبەرهێنانەکانی چەندە.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ باسی لەوەکردووە، برەین لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا داوای جیابوونەوەی لە نیکۆڵ شاناهانی هاوژینی کردووە، بەپێی ئەو بەڵگانەی لە دادگای سانتا کلارا تۆمارکراون.

برەین و شاناهان، ماوەی چوار ساڵە هاوسەرگیرییان کردووە، بەرلە حەوت ساڵ لە کاتی وەرزشی یۆگادا یەکیان ناسیوە، هەردووکیان پێشتر هاوسەرگیرییان کردووە و جیابوونەتەوە.

بەپێی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ڕۆژنامەکە کردووە، داوای جیابوونەوەکەی برەین دوای چەند هەفتەیەک بووە لە زانینی برەین بە بوونی پەیوەندی لەنێوان شاناهانی هاوژینی و ئیلۆن مەسک.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت، لە ئاهەنگێکی ملیاردێرەکانی جیهاندا کە لە سەرەتای ئەمساڵدا بەڕێوەچوو، مەسک لە تەنیشت برەینەوە دانیشتووە و “زۆر داوای لێبوردنی لێدەکات”.

ئەو دوو هاوسەرە نزیکەی ساڵێک دەبێت لە هەوڵی جیابوونەوەدان، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن چونکە شاناهان داوای یەک ملیار دۆلار دەکات لە بەرامبەردا برەین دەڵێت، ئەوەی داوای دەکات زیاترە لەوەی بەرلە هاوسەرگیرییان لەسەری ڕێککەوتوون.

دوای ڕاپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئیلۆن مەسک لە تویتێکدا ڕۆژنامەکە تۆمەتباردەکات بە “بڵاوکردنەوەی بابەتێک کە راستەخۆ کەسایەتی مەسک و کۆمپانیای تێسلا دەکاتە ئامانج”، دەڵێت، “ئەوە شورەییە بۆ ڕۆژنامەکە”.

لە تویتێکی دیکەدا مەسک وتوویەتی، “شەوی ڕابردوو لەگەڵ سێرگیی هاوڕێم بەیەکەوە بووین لە ئاهەنگێک”، “من تەنها دوو جار لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا شاناهانم بینیوە ئەویش لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێ و کەسانی دیکەدا بووە، ئەمە کوێی ڕۆمانسییە؟!”.

لە تویتێکی دیکەدا ئیلۆن مەسک دەڵێت، “ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا هیچ لایەنێکی لەوانەی باسی لێوەدەکات نەدواندووە و چاوپێکەوتنی لەگەڵدا نەکردوون”.

بابەتی پێشتر

تۆخێل داوای سێ یاریزانی نوێی كردووە

بابەتی دواتر

عێراق شەشەم بەشە خۆراکی ئەمساڵ دابەشدەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share