پەرلەمانتارێكی سەدر دەڵێت، “بەپێی یاسا سزاكەی نوری مالكی دەگاتە زیندانیكردنی هەتاهەتایی یان لەسێدارەدان؛ چونكە هانی شەڕی ناوخۆی داوە، پێمانسەیرە دادگا تا ئێستا بڕیاری دەستگیركردنی نەداوە”.
غایب عومەیری پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوەی فراكسیۆنی سەدر، پەیامێكی لەبارەی تۆمارە دەنگییەكانی مالكی-ـیەوە بڵاوكردەوە و باسی لایەنی یاسایی كەیسەكە دەكات.
عومەیری نووسیویەتی، “بەپێی ماددەی 195 لە یاسای سزاكان، هەر كەسێك هەوڵی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ و كوشتاری تائیفی بدات لە ڕێگەی پڕچەككردنی هاوڵاتییانەوە یاخود هاندانیان بۆ چەكهەڵگرتن دژی یەكتر، سزاكەی زیندانیكردنی هەتاهەتایی یان لەسێدارەدانە”.
جەختدەكاتەوە، “ئەگەر كەسەكە ئامانجەكەی بپێكێت و شەڕەكە هەڵبگیرسێت، ئەوا سزاكەی لەسێدارەدانە، ئەوەی مالكی لە تۆمارە دەنگییەكاندا باسی دەكات، بەسە بۆ ئەوەی سزای یاسایی وەربگرێت، چونكە تەنها ماوەتەوە سەر ئەوەی لێدوانێك بدات بۆ هەڵگیرسانی شەڕەكە”.
پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكەی سەدر ڕایگەیاند، “تەنها دەمانەوێت دادپەروەری بەرقەرارببێت و یاسا جێبەجێبكرێت دەرهەق بەوەی هانی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ دەدات و پێمانسەیرە تا ئێستا دادگا بڕیاری دەستگیركردنی مالكیی دەرنەكردووە”.