بە ناونیشانی “ئازادی یان مردن”.. سەرجەم زیندانیانی بادینان مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند

زیندانیانی بادینان لە چاکسازیی گەورانی هەولێر، لە نامەیەکدا مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووە، مانگرتنەکەیان پەیوەستە بە داواکارییان بۆ پێدانی ئازادبوونی مەرجدار، کە بەپێی وتەی زیندانییەکان هەوڵ هەیە بۆئەوەی ئەو مافەیان لێبسەندرێتەوە.

لە نامەکەدا کە ئاراستەی هەرسێ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کراوە، زیندانییانی بادینان ڕایانگەیاندووە، “ئێمە وەکو زیندانیانی بادینان و کۆمەڵێك ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و سزادراوانی زیندانی چاکسازیی گەورانی ھەولێر، کە ژمارەمان 52 کەسە ھاوشانی سزادراوانی شێلادزێ بڕیاری مانگگرتنمان لە خواردن داوە”.

ئاماژەیان بە هۆکاری مانگرتنەکەیان داوە، بەهۆی ئەوەی مافی ئازادکردنی مەرجدار، کە مافێکی یاساییە لەلایەن داواکاری گشتییەوە دەستاودەستی پێدەکرێت و هەوڵ هەیە بە دەستێوەردانی حزبی و کەسی ئەو مافەیان لێوەرگیرێتەوە.

داواش لە سەرجەم زیندانیکراوانی هەرێمی کوردستان دەکەن بە ناونیشتانی “ئازادی یان مردن” مانگرتن دەستپێبکەن لەپێناو یەکلاییکردنەوەی دۆسییەکانیان، وەک دەڵێن، “بە ئاشکرا دەستوەردان لە کاروباری دادگاکان هەیە”.

نامەیەک لە زیندانەوە بۆ میدیاکان

بۆ/ ڕای گشتی

بۆ/ ھەرسێ سەرۆکایەتی ھەرێم

بۆ/ UN و نوێنەرانی وڵاتان لە ھەرێم و رێکخراوە نێوخۆ و جیھانیەکان

ئێمە وەکو زیندانیانی بادینان و کۆمەڵێك رۆژنامەنوس و چالاکوان و سزادراوانی زیندانی چاکسازی گەورانی ھەولێر کە ژمارەمان ٥٢ کەسە ھاوشانی سزادراوانی شێلادزێ بڕیاری مانگگرتنمان لە خواردن داوە.

مانگگرتنەکەمان پەیوەندی بە داواکاریەکەمانەوە ھەیە کە پێدانی (ئازادبونی مەرجدار)ە بەپێ ماددەی ٣٣١ لە بنەما دادگاییەکانی سزا کە مافێکی یاسایی خۆمانە، بەڵام لەلایەن داواکاری گشتیەوە دەستاودەستی پێ دەکرێت و ھەوڵ ھەیە بەھوی دەستێوەردانی حزبی و کەسی یەوە ئەو مافەمان لێ زەوت بکرێت و بێ بەش بکرێین لەو ٢٥٪‏ ی یاسایەی کە ھەمانە، داواکارین لە دەستھەڵاتی دادوەری سەروەری خۆی بپارێزێت و لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و کەسی چاو لەو مافەمان دانەپوشێت، ئێستا بەپێ یاسا و کەمکردنەوەی سزاکە لە لایەن سەرۆکایەتی ھەرێمەوە ئەو سزایە نادادپەروەرانەی لەسەرمان جێبەجێکرا بوو تەواو بووە و یاسا سەروەر بێت پێویستە دەستبەجێ ئازادبکرێین.

بۆ ھەموو لایەک رۆنبووتەوە کە ئێمە دور لە ھەموو پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و بە نایاسایی و نادیموکراسی، لەسەر ئازادی بیرۆراو داواکردنی مافە گشتیەکان و بەشێکیشیان بە ھۆی دژایەتی داگیرکاری و بۆردومانی نشتمانەکەمان سزادراوین، لە کاتێکدا حکومەت فرمێسکی تیمساحی بۆ قوربانیانی بوردومانی تورکیا دەڕێژێت.

دواکارین لە گشت سزادراوانی لە ئاسایش و چاکسازیەکانی کوردستان مانگرتنی ئازادی یان مردن بۆ یەکلاییکردنەوەی دوسیەکانیان ڕابگەیێنن، چونکە بە ئاشکرا دەستێوەردان لە کاروباری دادگاکان دەکرێت، پێویستە ھەموو لایەنێک لەسەر ئەم نادادیە بھێنە وەڵام و چیتر بەھۆی فشاری حکومەتی ھەرێمەوە کارە یاساییەکانی دەستەڵاتی دادوەری پەکنەخرێت و دامەزراوەکانی ئەم وڵاتە بۆ تەسفیەی حسابات و رقی سیاسی بەکارنەھێنن.

زیندانیانی بادینان لە چاکسازی گەورانی ھەولێر

 

 

بابەتی پێشتر

چێوەی هەماهەنگی ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلادەكاتەوە

بابەتی دواتر

توركیا و گروپەكانی هێرشێكی بەرفراوانیان بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان دەستپێكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share