هۆشدارییەکان بۆ بەرزترین ئاست بەرزکرانەوە.. جیهان چووە باری لەناکاوەوە

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دواجار بڕیاریی یەکلایی لەبارەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموونەوە دا، لەگەڵئەوەی ناکۆکی لەنێوان لیژنەی شارەزایان و پسپۆڕانی بوارەکە هەبوو، بەڵام سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئاوڵەی مەیموونی وەک باری لەناکاوی جیهانی ڕاگەیاند.

لەماوەی ئەم مانگەدا دوو جار لیژنەی پسپۆڕان و شارەزایانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کۆبوونەوە بەمەبەستی بڕیاردان سەبارەت بەو دۆخەی جیهانی تێدایە بەهۆی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموونەوە، دوێنێ ڕێکخراوەکە دوای کۆبوونەوەی لیژنەکە بوون بە دوو بەشەوە، بەهۆی ئەوەی هەندێکیان لەگەڵ ڕاگەیاندنی باری لەناکاو نەبوون.

ئێستا لە جیهاندا زیاتر لە 16 هەزار تووشبووی ئاوڵەی مەیموون تۆمارکراوە، نەخۆشییەکە لە 70 وڵاتی جیهان بڵاوبووەتەوە، مەترسییەکان زیاتر بۆ بڵاوبوونەوەی لە دەرەوەی نیشتمانی ڤایرۆسەکە کە وڵاتانی ئەفریقایە دەگەڕێتەوە.

لەو بارەیەوە تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرا و بەرفراوانی ئاوڵەی مەیموون، بووەتە باری لەناکاوی تەندروستی لە جیهاندا، ڕێکخراوەکەش هۆشدارییەکانی بۆ بەرزترین ئاست بەرزدەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی ئێستا لەنێوان 16 بۆ 17 هەزار تووشبووی نەخۆشییەکە هەن.

تیدرۆس ئاشکرایکرد، هەرچەندە ڕاگەیاندنی باری لەناکاو لە جیهاندا دەبێتە هۆی نیگەرانی و شڵەژاوی لە جیهاندا، بەڵام ئێستا نەخۆشییەکە بەخێرایی بڵاودەبێتەوە بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپا و لەناو هاوڕەگەزخوازاندا.

مەبەستی ڕێکخراوەکە لە ڕاگەیاندنی “باری لەناکاوی تەندروستی لە جیهاندا” هەماهەنگیی نێودەوڵەتییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون کە ئێستا بووەتە مەترسی لەسەر جیهان، هەروەها زەنگێکی مەترسییە بۆ جیهان لە بڵاوبوونەوە و لە کۆنترۆڵ دەرچوونی ئەگەر هەماهەنگی لە چارسەر و ڤاکسینەکانی نەخۆشییەکەدا نەکرێت لەنێوان وڵاتاندا.

لەکاتێکدا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی باری لەناکاو سەبارەت بە هەر نەخۆشییەک ڕادەگەیەنێت، ئاماژەیە بۆ نزیکبوونەوە لە پەتایەکی جیهانی و مەترسییەکان بۆ دەرچوونی نەخۆشییەکە لە کۆنترۆڵی مرۆڤایەتی.

بابەتی پێشتر

چین.. بەهۆی هەرەسهێنانی چیاوە 9 كەس گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

ماكرۆن: تائێستا دەكرێت ڕێككەوتنی ئەتۆمی زیندووبكرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share