فایزەر نائومێدبوونی لە کاریگەریی حەبی دژە کۆرۆنا ڕاگەیاند

کۆمپانیای فایزەر بۆ دەرمان و چارەسەرە پزیشکییەکان ئاشکرایکرد، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان لەسەر حەبی دژە کۆرۆنا (PAXLOVID) دەریخستووە حەبەکە هیچ کاریگەرییەکی نییە بۆ پاراستنی ئەو کەسانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ کەسێکی تووشبوو.

تاقیکردنەوەکانی کۆمپانیای فایزەر کە بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامیداوە، سێ هەزار کەسی پێگەیشتووی گرتووەتەوە کە لە شوێنێکدا ماونەتەوە کەسانی تووشبوو بە کۆرۆنای تێدابووە، هەندێک لەوانە بۆ ماوەی پێنج یان دە ڕۆژ حەبی پاکسلۆڤید-یان پێدراوە، هەندێکیشیان چارەسەری وەهمییان پێدراوە.

ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی فایزەر دەریخستووە، ئەوانەی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ حەبی پاکسلۆڤیدیان پێدراوە، بەڕێژەی 32% تووشبوونیان کەمتربووە بەراورد بەوانەی چارەسەرە وەهمییەکەیان وەرگرتووە، بەڵام ڕێژەکە بۆ 37% بەرزبووەتەوە کاتێک بۆ ماوەی دە ڕۆژ حەبەکەیان وەرگرتووە.

بەڵام کۆمپانیای فایزەر ئەنجامەکان بە ئەنجامی دروستی زانستیی نازانێت کە بتوانرێت وەک بەڵگەی زانستیی توێژینەوەکە پشتیپێببەسترێت و دەڵێت، “دەکرێت ئەوە تەنها بەهۆی ڕێکەوتەوە بووبێت”.

لەگەڵ ئەوەشدا فایزەر جارێکی دیکە جەختدەکاتەوە کە بەردەوامیی تاقیکردنەوەکانیان ئەو ئەزموونانەی پێشوو پشتڕاستدەکاتەوە کە حەبی پاکسلۆڤید بەڕێژەی 90% بۆ کەمکردنەوەی چوونە نەخۆشخانەی تووشبووانی کۆرۆنا کاریگەرە.

سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای فایزەر دەڵێت، “لەگەڵ ئەوەی هەست بە بێئومیدییەکی زۆر دەکەین لەئەنجامەکانی ئەو تاقیکردنەوەیە لەسەر کاریگەریی حەبەکە بۆ پاراستنی کەسانی بەرکەوتە بە تووشبووی کۆرۆنا، بەڵام ئەوە ئەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە حەبەکە بەڕێژەیەکی زۆر بەرز کاریگەریی لە کەمکردنەوەی نیشانە قورسەکان و نەچوونە نەخۆشخانەی تووشبووان هەیە”.

بابەتی پێشتر

دوایین وشەكانی هیتلەر چی بوون و فەرمانی لەبارەی ئیڤا-وە چی بووە؟

بابەتی دواتر

كازمی: چاره‌سه‌ری چه‌قبه‌ستوویی سیاسی په‌یوه‌سته‌ به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه‌

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share