ئاماری جیاوازی شەڕ.. ‏
توركیا باس لە سەدان و پەكەكەش باس لە هەزاران كوژراوی یەكدی دەكەن

سێ مانگ بەسەر ئۆپەراسیۆنی بەناو “چنگ – قفڵ”ی سوپای توركیادا لە باشووری كوردستان تێپەڕێوە، پێشتر هەپەگە و ئەمڕۆش توركیا ئاماری قوربانییەكانیان بڵاوكردەوە.

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ئامارێکی نوێی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكەوە بڵاوکردەوە، کە لە 17ی نیسانی 2022ـەوە دەستیپێکردووە، بەوتەی وەزارەتەكە، لە نزیكەی سێ مانگدا 289 گەریلای پەکەکە “لە چالاكی خراون”، دەستیش بەسەر بڕێکی زۆر کەرەستە و پێداویستیی سەربازیدا گیراوە، 30 ئەشکەوت و پەناگەی گەریلاكانی پەكەكەش کراونەتە ئامانج. (زۆر جار پەكەكە، توركیا بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی تۆمەتبار دەكات بۆ بەئامانجگردتی ئەشكەوت و پەناگەكانی گەریلا).

وەزارەتی بەرگریی توركیا هیچ ئاماژەیەكی نەداوە بە ژمارەی ئەفسەر و سەربازە كوژراوەكانی وڵاتەكەی لەو سێ مانگەدا.

ئامارەكانی توركیا، لەو ئامارانەی ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل – هەپەگە جیاوازن، كە لە 15ی ئەم مانگەدا بڵاویكردنەوە، كە بەهەمان شێوە تایبەت بوو بە سێ مانگی شەڕ.

هەپەگە ڕایگەیاندبوو، لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا گەریلا هەزار و 129 جار هێرش و چالاكیی دژی هێزەکانی تورکیا ئەنجامداوە، تیایاندا هەزار و 528 سەربازی توركیا كوژراون، 72 گەریلاش شەهید بوون.

وەک هەپەگە دەڵێت، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا 2623 جار و هێلیکۆپتەرەکانی سوپای ئەو وڵاتە 1978 جار بۆردوومانیان کردووە و لە ئەنجامدا 72 گەریلا گیانیان لەدەستداوە.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی دەرەوەی عێراق: هیچ ڕێككەوتنێكی ئەمنی و سەربازیمان لەگەڵ توركیادا نییە

بابەتی دواتر

مەسرور بارزانی بە سەردانەكەی بۆ بەغداد خۆشحاڵە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share