ژمارەی تووشبووان زیادیانکردووە.. ئاوڵەی مەیمون جیهان دەخاتە دۆخی لەناکاوەوە؟

لەگەڵ بەردەوامیی بەرزبوونەوەی زۆری ژمارەی تووشبووانی ئاوڵەی مەیموون لە جیهاندا، ئەمڕۆ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڕیار لەبارەی چوونە دۆخی لەناکاوی تەندروستییەوە دەدات لە جیهاندا.

بۆ دووەمجار، شارەزایان و پسپۆڕانی بواری ئاوڵەی مەیموون لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەمڕۆ کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری پێویستیی ڕاگەیاندنی دۆخی لەناکاوی تەندروستی لە جیهاندا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموونەوە.

لیژنەکەی تەندروستیی جیهانی ئەمڕۆ هەڵسەنگاندن بۆ ئاماژەکانی بوون بە پەتای نەخۆشییەکە دەکات، دوای ئەوەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نەخۆشییەکەی بەشێوەیەکی زۆر زیادیکردووە، زیاتر لە هەزار و 400 حاڵەت لە 70 وڵاتی جیهان تۆمارکراون.

تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوێنێ باسی لەوەکرد، لیژنەکە داوای لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کردووە هەر کارێک لەدەستی ڕێکخراوەکە دێت پەلەی تێدابکات بۆ ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیموون لە جیهاندا.

یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی شارەزایان و پسپۆڕانی تەندروستیی جیهانی تایبەت بە ڕاگەیاندنی دۆخی لەناکاو لە جیهاندا، لە 23ی حوزەیران بەڕێوەچوو، لیژنەکە داوایان لە سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کرد، دۆخی لەناکاوی تەندروستی ڕانەگەیەنێت، بۆئەوەی نیگەرانی و شڵەژان لە جیهاندا دروستنەبێت.

لەدوای ئاشکراکردنی حاڵەتە سەرەتاییەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە ئەوروپا و وڵاتانی دەرەوەی ئەفریقا کە نیشتمانی ڤایرۆسەکەیە، نیگەرانییەکان لە بڵاوبوونەوەی لە هەڵکشاندان، مەترسییەکان ئێستا لەبارەی ئەوەوەن ببێتە پەتایەک لە ئەوروپا.

دکتۆر ڕۆزامۆند لویس سەرۆکی لیژنەی پسپۆڕانی ئاوڵەی مەیموون لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیموون لە دەرەوەی نیشتمانی ڤایرۆسەکە یەکێکە لە مەترسییەکانی بوونی بە پەتایەکی جیهانی، بەپێی ئامارەکان پیاوان 99%ی تووشبووانی ئێستای ئاوڵەی مەیموونن، لەو ڕێژەیەش 98%یان ئەوانەن کە هاوڕەگەزبازن.

بابەتی پێشتر

عەلی فازڵ: ڤیدیۆی سێكسیی سیاسییەكانم لایە

بابەتی دواتر

وادەی دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشەكەی زاخۆ ڕاگەیەندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share