ئەبوغرێب بەرامبەر خاشقچی
بن سەلمان بەمجۆرە وەڵامی بایدنی دایەوە

وتووێژەكانی نێوان سەرۆكی ئەمریكا و شازادەی جێنشینی سعودیە مشتومڕی گەورەی لێكەوتووەتەوە، لە وەڵامی دۆسیەی جەمال خاشقچی-دا، بە دۆسیەی ئەبوغرێب وەڵامی بایدن دراوەتەوە.

ڕۆژی هەینی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا گەیشتە سعودیە و لە كۆشكی سەلام لە جەددە لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشین كۆبووەوە.

ڕۆژنامەی (سەبق)ی سعودی لە زاری سەرچاوەیەكی ئامادەبووی وتووێژەكانی نێوان هەردوو لایەنی سعودی و ئەمریكی ڕایگەیاند، بایدن باسی لە ڕووداوی كوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووس كردووە، لە وەڵامدا بن سەلمان وتویەتی، “ئەوەی ڕوویداوە جێیداخە، لە شانشینی سعودیە سەرجەم ڕێوشوێنە یاساییەكانمان گرتووەتەبەر، لە لێكۆڵینەوە و دادگایی تا دەرچوونی بڕیاری دادگا و جێبەجێكردنی، هەروەك سعودیە ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ ڕێگری لە جارێكی دیكە ڕوودانی ئەم جۆرە هەڵانە لە ئایندەدا”.

بن سەلمان باسی لەوەشكردووە لەم جۆرە ڕووداوانە لەهەر شوێنێكی جیهاندا ڕوودەدەن، تیایاندا ڕۆژنامەنووسی دیكە لە ناوچەكانی دیكەی جیهان كوژراون، هەروەك ویلایەتە یەكگرتووەكان-یش بەهەمان شێوە چەند هەڵەیەكی كردووە، وەك ڕووداوەكەی بەندینخانە ئەبوغرێب لە عێراق و ئەودوای هەڵەكانی دیكە، بەڵام ئەوەی داواكراوە ئەوەیە وڵاتان مامەڵە لەگەڵ ئەو هەڵانەدا بكەن و، ڕێوشێنی ڕێگری لە دووبارە ڕوودانەوەیان بگرنەبەر.

شازادەی سعودیە ئاماژەشی بە ڕووداوی كوشتنی شیرین ئەبو عاقلە-ی ڕۆژنامەنووس كردووە و پرسیاری كردووە، ئایا ویلایەتە یەكگرتووەكان و وڵاتانی جیهان ڕێوشوێنیان لەبارەیەوە گرتووەتەبەر.

بەپێی ڕۆژنامەكە بایدن ئاماژەی بە بەها هاوبەشەكان كردووە و بن سەلمان وەڵامیداوەتەوە، “هەموو وڵاتانی جیهان و بەتایبەتیش ویلایەتە یەكگرتووەكان و شانشینی سعودیە چەندین بەهایان هەیە كە كۆكن لەسەری و چەندانیش هەن كە جیاوازن تیایدا، بەڵام بەها و بنەما دروست و باشەكان كاریگەری لەسەر گەلانی وڵاتانی دیكە هەن بەتایبەت كە لەئێستادا پەیوەندییەكی بێ پێشینە لەنێوان گەلانی جیهاندا هەن، لە بەرامبەریشدا هەوڵدان بۆ سەپاندنی ئەو بەهایانە بە هێز ئەنجامی پێچەوانەی گەورەی دەبێت، وەك ئەوەی لە عێراق و ئەفغانستان ڕوویاندا، كە ویلایەتە یەكگرتووەكان سەركەوتوو نەبوو تیایاندا”.

ڕوونیشیكردەوە بن سەلمان وتوشیەتی، “بۆیە زۆر گرنگە بزانرێت كە هەر دەوڵەتێك بەهای جیاوازی هەیە و پێویستە ڕێزی لێبگیرێت، ئەگەر وای دابنێین ویلایەتە یەكگرتووەكان مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا ناكات كە 100% لە بەها و بنەماكاندا هاوبەشی نین، هیچ وڵاتێك نامێنێتەوە ویلایەتە یەكگرتووەكان مامەڵەی لەگەڵ بكات جگە لە ناتۆ، بۆیە پێویستە پێكەوەژیان لەنێوانماندا هەبێت سەرەڕای ئەو جیاوازییانەی هەمانە”.

لە 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2018 جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی بەرهەڵستكاری سعودی بە مەبەستی ئەنجامدانی مامەڵەی هاوسەرگیریەكەی سەردانی كۆنسوڵخانەی وڵاتەكەی لە ئیستەنبوڵ كرد، بەڵام هەر لەوێ كوژرا و پاشان پارچە پارچە كرا.

حكومەتی سعودیە سەرەتا نكۆڵی لەوەكرد، كە ئەو ڕۆژنامەنووسە لەناو كۆنسوڵخانەكەیدا كوژرابێت، بەڵام دواتر باسی لەوەكرد، ژمارەیەك كارمەندی هەواڵگری بەبێ فەرمانی سەرووی خۆیان ئەو كارەیان كردووە.

بەندینخانەی ئەبوغرێب دەكەوێتە 32 كیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای بەغداد. لە ساڵی 1950 دروستكراوە، دوای ساڵی 2003 كەوتە ژێر دەستی هێزەكانی ئەمریكا و ساڵی 2006 ڕادەستی حكومەتی عێراق كرایەوە.

لە مانگی نیسانی 2004 وێنەی ئەشكەنجەدانی زیندانیانی ناوی لەلایەن سەربازانی ئەمریكا بڵاوكرایەوە و ئاشكراكرا كە كوشتن، دەستدرێژی، سوكایەتی، لێدان و شێوازەكانی دیكەی ئەشكەنجەدان بەرامبەر زیندانیان ئەنجامدراوە و ئەمەش دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.

بابەتی پێشتر

توركیا نایەوێت وەك ڕواندا بێت

بابەتی دواتر

لەبارەی تۆمارە دەنگییەكانی مالكییەوە سكاڵا تۆماركرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كەرتی تەندروستیی ئەفغانستان لە قەیراندایە.. پزیشكی بێمووچە و نەخۆشخانەی بێدەرمان

دوای مانگێك لە كۆنترۆڵكردنی ئەفغاستان لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە، كەرتی تەندروستی لەو وڵاتە بەرەو هەرەسهێنان دەچێت، نەخۆشخانەكانیش بێدەرمان و…
Total
0
Share