بە ناردنی پشكی هەرێم كێشە بۆ كازمی دروستدەبێت

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق

بۆ دەستكردن بە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران، حكومەتی هەرێم چاوەڕوانی 320 ملیار دینارەكەیە لە بەغدادەوە و سەرچاوەیەكی بەرپرسیش دەڵێت، ژمارەیەك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق لەو ڕوەوە پەیامیان گەیاندووەتە كازمی كە پابەندی یاسای قەرزكردن ببێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی تشرینی دووەم لە سەرچاوەیەكی بەرپرس و ئاگادارەوە دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق جدییە لە ناردنی 320 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم بەپێی ئەو ڕێككەوتنە هەیە، بەڵام لەبەردەم فشاری كوتلەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدایە.

سەرچاوەكە وتیشی، “لەلایەن بەرپرسان و پەرلەمانتارانی چەندین كوتلەی پەرلەمانییەوە ئەو پەیامە گەیەندراوەتە كازمی، كە ئەگەر پشكەكەی هەرێم بنێرێت و ناوەرۆكی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی پشتگوێبخات، بانگێشتی پەرلەمانی دەكەن و تا ڕادەی لێسەندنەوەی متمانە لەگەڵی دەڕۆن”.

تۆڕی میدیایی ئێستا هەوڵیدا ڕای پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە عێراقییەكان وەربگرێت، بەڵام پەیوەندییەكان بەردەست نەبوون.

“ئەو بڕگەیەی یاسای قەرز کە پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان ئاستەنگی بۆ ڕەوانەکردنی بەشەبودجەی هەرێم دروستکردوە”

دواین لێدوانی كازمی ئەمڕۆ لەسەر زاری بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكراكرا پاش كۆبوونەوەیەكی نێوانیان لە بینای پەرلەمان.

بەشیر حەداد وتی، “کازمی دانینا بەوەی ئەو پارەیەی ڕەوانەی هەرێم دەکرێت کەمترە لەمافی خۆی، بۆیە لەئێستادا لەگەڵ لایەنەکان لەگفتوگۆداین بەمەبەستی دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی بۆ ئەوەی بەزووترین كات بەشەبودجەی هەرێم ڕەوانەبکەین”.

وتیشی، “سەرۆکوەزیران باوەڕی وابو ئەو بڕگەیەی یاسای قەرز کە پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان ئاستەنگی بۆ ڕەوانەکردنی بەشەبودجەی هەرێم دروستکردوە و دەبێت بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکاندا کێشەکە چارەسەربکرێت”.

لەهەمان چوارچێوەیەدا سێشەممەی ڕابردوو لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران مستەفا كازمی وتی، “هەندێك كێشە لە یاسای قەرزكردندا هەیە كە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندیكرد، بەهۆیەوە هەندێك هەڵەی تێكەوتووە و، كۆبوونەوەكان لەگەڵ ئەنجومەن بەردەوامە بۆ چارەسەركردنی”.

پەرلەمانی عێراق لە 12ی تشرینی دووەم بە زۆرینەی دەنگ و بەبێ بەشداری فراکسیۆنە کوردییەکان یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی پەسەندکرد و بەپێی ئەو یاسایەش هەرێم بەمەرجی ڕادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆ بەپێی ئەو بڕەی كۆمپانیاكە دیاریدەكات، لەگەڵ ڕادەستكردنی داهاتە نانەوتییە فیدڕاڵییەكان پشكی لەلایەن حكومەتی بەغدادەوە پێدەدرێت.

بەوهۆیەشەوە حکومەتی عێراق دوای پەسەندکردنی یاساکە موچەی مانگی تشرینی یەکەم و دووەمی لەم مانگەدا دابەشکرد، بەڵام هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لەئێستادا حکومەتی هەرێم بڕێک پارەی لەبەردەستدایە، بەڵام ئەو پارەیە بەس نییە بۆ دابەشکردنی موچەیەكی تەواو و کەمترە لە بڕی پێویست”.

وتیشی، “لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بەغداد پارەکە نەنێرێت لە سەرەتای مانگی دوانزەدا دەتوانین موچە دابەشبکەین، بەڵام بەو داهاتەی لە بەردەست وەزارەتی دارایی دەبێت، كە تائێستا نازانرێت چۆن دەبێت”.

بابەتی پێشتر

"کازمی دانی بەوەدەناوە کە زوڵم لە هەرێمی کوردستان دەکرێت"

بابەتی دواتر

هاندەرانی ئارسیناڵ دەگەڕێنەوە و یاریگاکانی مانچستەر بە داخراوی دەمێننەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share