قائیمقامی شەنگال: ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و عێراق چارەسەری نەهامەتییەکانی خەڵک دەکات

مەحما خەلیل، قائیمقامی شەنگال، ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا کراوە سەبارەت بە شەنگال، شارۆچکەکە و خەڵکەکەشی دوای شەش ساڵ لە نەهامەتی ڕزگار دەکات.

لە ڕاگەیەنراوێکدا مەحما خەلیل بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا خەڵکی شەنگال ڕوبەڕووی زۆر کێشە و نەهامەتی بوونەتەوە، ڕوبەڕووی خراپترین و قورسترین تاوان بوونەوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، خەڵکی شەنگال لەسەردەستی داعش تووشی ئاوارەبوون، ڕفاندن، کوشتن و گۆڕی بە کۆمەڵ بوون.

قائیمقامی شەنگال دەڵێت، “ئێستا خەڵکی شەنگال جگە لە گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی هیچ هیوایەکی دیکەیان نییە، ئەو هیوایەشییان بەستووەتەوە بە ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، تاوەکو ڕێگە بەهیچ کەس و لایەنێک نەدات لەدەرەوەی یاسا بڕیار لەسەر داهاتوویان بدات، دوای ئەوەی ئەزمونی شەش ساڵیان لەگەڵ ئەو هێزانە هەیە کە حکومیان بەسەرداکردوون و ترس و تۆقاندنیان بڵاوکردووەتەوە و ڕێگەیان لە گەڕانەوەیان گرتووە”.

مەحما خەلیل ئاماژەی بەوەشکردوە، کە ئەو ڕێککەوتنە بەبێ هەوڵێکی نیشتمانیی گشتی کەموکورتی دەبێت، بۆیە پێویستمان بە هاوکاری و پاڵپشتیکردنی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان، دەسەڵاتەکانی حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان، کەسایەتییە کاریگەرەکانی وڵات هەیە کە بەشێوەیەکی جیدیی بڕواننە قەزیەی شەنگال و لانیکەم کەمترین مافەکانیان بۆ دابینبکرێت و هانبدرێن بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.

قائیمقامی شەنگال باسلەوەدەکات، ئەم هەنگاوانە پێویستی بە کۆمەڵێک ڕێکاری پێویستە لە لایەنی ئەمنی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاری، کارگێڕی و مرۆییەوە، هەروەها پێویستی بە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان هەیە بۆ تەواوکردنی ئەو هەوڵە ناوخۆییانە بۆ بونیادنانەوەی شارۆچکەکە و قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکان و خەڵکی شەنگال لەڕووی مادی و مەعنەوییەوە.

دەشڵێت، خەڵکی شەنگال بە سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانییەوە لە دۆخێکی قورسی مرۆیی، دەروونی و تەندروستییدان.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هەرێم داوا لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بکات

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عێراق کردووە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بکات.…
Total
0
Share