سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، “پێویستە كاربكەین خواست لەسەر بەنزین كەمبكەینەوە داواش لە حكومەتی عێراق دەكات ئەو بڕە بەنزینە دابینبكات كە پێشتر ڕۆژانە 180 هەزار لیتری بۆ هەولێر ناردووە و ئێستا ڕاگیراوە و دەشڵێت، بە ناردنی ئەو بڕە بەنزینە لە بەغدادەوە نرخەكە هەرزاندەبێت”.
عەلی ڕەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “لە كۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجومەندا لیژنەی پیشەسازی و وزە ڕاسپێردران كە پرۆژەیەك ئامادەبكەن تایبەت بە بەنزین و نرخەكەی و ئێمە دەبێت كار بكەین خواست لەسەر بەنزین كەمبكەینەوە و ئەوەش هۆكار دەبێت بۆ دابەزاندنی نرخەكەی”.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر داوای لە حكومەتی عێراق كرد ئەو بڕە بەنزینە بنێرێت كە پێشتر ڕۆژانە 180 لیتری بۆ پارێزگای هەولێر ڕەوانە دەكرد و وتیشی، “هەر كات حكومەتی عێراق دەستیكرد بە ناردنی ئەو بڕە بەنزینە ئەوا نرخی بەنزین دادەبەزێت”.