فراكسیۆنی یەكێتی لە بەغداد: بڕیاری تەعریبكردنەوەی كەركوكمان هەڵوەشاندەوە

فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بڕیارەكەی ڕاكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك بە “تەعریبكردنەوەی كەركوك” ناودەبات و دەڵێت، “هەڵمانوەشاندەوە”.

ڕاكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، بڕیاریدابوو ئەو هاوڵاتییانەی نیشتەجێی کەرکوک نین و فۆرمی خۆراکی پارێزگاكەیان هەیە، فۆرمەکەیان لێوەربگیرێتەوە، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك بڕیارەكە لە بەغدادەوە هەڵوەشێندرایەوە.

لە ڕوونكردنەوەیەكدا بە ناوی “ڕوونكردنەوەیەك بۆ هاوڵاتییانی شاری كەركوك” كە  نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویانكردووەتەوە، ئەو پەرلەمانتارانە بڕیارەكەی ڕاكان جبوری بە نایاسایی ناودەبەن و دەڵێن، “ئەمڕۆ وەك نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ ڕاكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كۆبووینەوە و بڕیارەكەمان هەڵوەشاندەوە، چونكە پێمانوایە ئامانجی ئەو بڕیارە تەعریبكردنەوەی كەركوكە نەك پاراستنی دۆخی ئەمنیی پارێزگاكە”.

نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران، سوپاسی سالار عەبدولستار وەزیری دادی عێراق دەكەن كە دوای پەیوەندیكردنی بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەبارەی كارپێنەكردنی بڕیارەكە دڵنیایكردوونەتەوە.

لە كۆتایی ڕوونكردنەوەكەیاندا، نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێن، “هاوڵاتییانی شاری كەركوك دڵنیادەكەینەوە كە هەر بڕیارێكی شۆڤێنی بدرێت و كاریگەری لەسەر پێكەوەژیانی ئاشتییانەی پێكهاتە ڕەسەنەكانی شاری كەركوك هەبێت، لای ئێمە ڕەتدەكرێتەوە و كاری پێناكرێت”.

بابەتی پێشتر

كچەمۆدێلێكی دیكە دەستگیركرا

بابەتی دواتر

پاریس دەستپێدەکاتەوە و هیچ شتێک ڕوون نییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share