ڕوسیا زەمالەی زیاتری خوێندن بۆ خوێندكارانی هەرێم دابیندەكات

دیمەنێكی دیدارەكە

جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ كونسوڵی ڕوسیا لە هەرێم كۆبووەوە و بەرپرسی میوان ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دابینکردنی ژمارەیەکی زیاتری زەمالەی خوێندن دەربڕی.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ ئۆلیک لێڤنین کۆنسوڵی گشتیی کۆماری ڕوسیا لە هەرێم کۆبووەوە و پێکەوە تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە کلتوری و زانستییەکانی نێوان ڕوسیا و کوردستانیان کرد.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی سیاسیی عێراق و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرا و جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەوەی پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بە یەکدەنگی بەشداری لە دانووستانەکاندا بکەن. داواشیکرد لایەنە عێراقییەکان لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی عێراقدا ئاستی داواکارییە حیزبییەکانی خۆیان کەمبکەنەوە و لەجیاتی ئەوە گفتوگۆبکەن لەسەر چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی حکومڕانی و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

لە بەشێكی دیكەیدا تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە کلتوری و زانستییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی روسیا کرا. باس لە پێویستی پێکهێنانی دامەزراوەیەکی تایبەت کرا بۆ دروستکردنی پەیوەندیی زانستی لەنێوان زانکۆکانی کوردستان و زانکۆکانی ڕوسیا.

هەر لەو چوارچێوەیەدا باس لە چۆنییەتی زیادکردنی زەمالەی خوێندن بۆ خوێندکارانی کورد کرا لە زانکۆکانی ڕوسیا، کونسوڵی ڕوسیا ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ دابینکردنی ژمارەیەکی زیاتری زەمالەی خوێندن بۆ خوێندکارانی هەرێم.

هاوكات گفتوگۆکرا لەسەر دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان مۆزەخانەکانی کوردستان و ڕوسیا. کونسوڵی روسیا ئاماژەی بەوەدا پلانی هەیە بەمنزیکانە سەردانی سلێمانی و مۆزەخانەی سلێمانی بکات بۆ دروستکردنی پەیوەندیی و هاوکاری لەنێوان مۆزەخانەی سلێمانی و چەند مۆزەخانەیەکی ڕوسیا.

بابەتی پێشتر

ئەیاکس دیسانەوە سفر دەبێتەوە!

بابەتی دواتر

سلێمان هەڵشۆیی بە كەفالەت ئازادكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share