بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستیلەكاركێشایەوە و دەڵێت، “وەڵامی هیچ ڕاگەیاندنکارێک نادەمەوە کە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەم چی بوو”.
نادر ڕوستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەستیلەكاركێشایەوە و نامەی دەستلەكاركێشناوەكەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردەوە، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی ئاشكرابكات.
لە نامەكەدا نادر ڕوستی باسی كار و چالاكییەكانی خۆی لە بواری گەشتوگوزاردا كردووە و ڕایگەیاندووە، ماوەی 12 ساڵە وەک وتەبێژی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار خزمەتیكردووە، 17 ساڵە وەک نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بواری گەشتوگوزار کاردەكات و چەندین پەرتووك و توێژینەوە و بڵاوكراوەی لەو بوارەدا نووسیوە.
نادر ڕوستی كە خۆی وەك نووسەر و شارەزا لە بواری گەشتوگوزاردا ناوبردووە دەڵێت، لە پێدانی زانیاریدا جیاوازیی لەنێوان دەزگاكانی ڕاگەیاندندا نە کردووە. ئێستاش “داواکارم هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن و میدیاکارێک بۆ لێدوان لە بارەی گەشتوگوزارەوە پەیوەندیم پێوە نەکات، بەڵام هەردەم ئامادەم وەک شارەزا و شرۆڤەکارێکی گەشتوگوزار هاوکاریی هەر کەسێک بکەم کە پێویستی بە من هەیە”.
ئەو كاربەدەستەی حكومەت هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی ئاشكرانەكردووە، تەنها نووسیویەتی، “وەڵامی هیچ ڕاگەیاندنکارێک نادەمەوە کە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەم چی بوو”.