ئه‌مشه‌و، سێشه‌ممه له چوارچێوه‌ی ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌کانی گه‌ڕی چواره‌می خولی یانه پاڵه‌وانه‌کانی ئه‌وروپا، دوو ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی گرنگ ئه‌نجامدران و چێڵسی و ئیشبیلیه سه‌رکه‌وتنیان بۆ قۆناغی 16 مسۆگه‌رکرد.
له چوارچێوه‌ی ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌کانی گه‌ڕی چواره‌می قۆناغی کۆمه‌ڵه‌کانی چامپیۆنزلیگ، چێڵسی له یاریگای ڕوازۆن پارک ڕوبه‌ڕوی ستاد ڕینس بووه و یارییه‌که‌ی به ئه‌نجامی گۆڵێکی بێوه‌ڵام برده‌وه.
له تایمی یه‌که‌مدا ئه‌ستێره‌کانی فرانک لامپارد له ڕووه‌کانی هونه‌ری و تاکتیکیه‌وه باڵاده‌ستیان نیشاندا، له خوله‌کی 22 هودسۆن کالوم ئودۆی گۆڵی پێشکه‌وتنی تۆمارکرد، هه‌روه‌ها چه‌ندین هه‌لی تۆمارکردنی گۆڵی دیکه‌یان ڕه‌خساند، به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون و ئه‌و تایمه به گۆڵێکی بێوه‌ڵام له به‌رژه‌وه‌ندی بلوزی له‌نده‌ن کۆتاییهات.
له تایمی دووه‌مدا تیمۆ ڤێرنه‌ر و هاوڕێیانی شێوازی هێرشبه‌ریی خۆیان سه‌پاند و گوشاری توندیان له‌سه‌ر گۆڵی ئالفرێد گۆمێز دروستکرد، به‌ڵام له خوله‌کی 85 له‌لایه‌ن سێرهۆ گوێراسییهوه گۆڵی یه‌کسانکه‌ره‌وه‌ی ئه‌نجامه‌که‌یان تۆمارکرد، به‌ڵام گووشاره‌کانی زه‌به‌لاحه‌که‌ی له‌نده‌ن له کاتی زیادکراودا به‌رهه‌می هه‌بوو و له گۆڵی دووه‌م و پیشکه‌وتنیان له ڕێگه‌ی ئۆلیڤه‌ر جیروی فه‌ره‌نسیه‌وه تۆمارکرد، یارییه‌که‌ش به بردنه‌وه‌ی چێڵسی کۆتاییهات.
له‌هه‌مان کاتدا یانه‌ی کراسنوداری ڕووسی له کوبان ستادیۆن میوانداری ئیشبیلیه‌ی ئیسپانی کرد و یارییه‌که به ئه‌نجامی دوو گۆڵ به‌رانبه‌ر گۆڵێک له به‌رژه‌وه‌ندی یانه ئیسپانییه‌که کۆتاییهات.
گۆڵه‌کانی ئیشبیلیه له خوله‌که‌کانی چوار و 90 له‌لایه‌ن ئیڤان ڕاکیتیچ و مونیر حهدادییهوه تۆمارکران و گۆڵه‌که‌ی کراسنوداریش له خوله‌کی 56 له‌لایه‌ن واندێرسۆن ماسێل سۆزاوه تۆمارکرا.
به‌پێی ئه‌نجامه تۆمارکراوه‌که‌ی ئه‌مشه‌و، یانه‌کانی چێڵسی و ئیشبیلیه ژماره‌ی خاڵه‌کانیان گه‌یانده (10) و له پله‌ی یه‌که‌م و دووه‌می گروپی چواره‌م به فه‌رمی سه‌رکه‌وتنیان بۆ قۆناغی 16 مسۆگه‌رکرد.