هەڵگرتنی نان لە ساردكەرەوەدا دەبێتەهۆی شێرپەنجە؟

ماوەی چەند ساڵێكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هۆشداری بڵاودەكرێتەوە لەوەی هەڵگرتنی نان لە ساردكەرەوەدا و دواتر خواردنی دەبێتەهۆی تووشبوون بە شێرپەنجە، بەڵام ئەم دەنگۆیە لەڕووی زانستییەوە هیچ بنەمایەكی نییە.

“ئاگاداربە بەستنی نان یان سەمون هۆكارە بۆ شێرپەنجە” بەم جۆرە دەربڕینانە ئەو جۆرە دەنگۆیانە بڵاودەكرێنەوە، گوایە دانانی لە ساردكەرەوەدا (سەلاجە و موجەمیدە) دەیگۆڕێت بۆ ژەهرێكی بكوژ بەهۆی ئەو گۆڕانەی بەسەر پێكهاتەكەیدا دێت، بەڵام شارەزایان دەڵێن، ئەو جۆرە زانیارییانە ناڕاستن.

بەشێوەیەكی گشتی خواردەمەنییەكان دەخرێنە ساردكەرەوە بە ئامانجی پاراستنی كوالێتییەكەی و درێژكردنەوەی ماوەی بەكارهێنانی، هیچ بەڵگەیەكی زانستی نییە بیسەلمێنێت خواردنە بەستووەكان دەبنەهۆی شێرپەنجە، وەك ئەوەی فرانس پرێس بڵاویكردووەتەوە.

نان و سەمون-یش وەك ئەودوای خواردەمەنییەكانی دیكە ئەگەر بكرێتە ساردكەرەوەوە، ماوەی بەكارهێنانی درێژدەبێتەوە.

چۆن ڕوودەدات؟
“كاتێك نان یان هەر خواردنێكی دیكە دەخرێتە بەفرگرەوە كارلێكە كیمیاییەكانی لاوازدەبێت و ڕێژەی زیادبوونی بەكتریا لەسەری دادەبەزێت، چۆن نان بەمجۆرە دەبێتەهۆی شێرپەنجە” بەمجۆرە بیار كەرەم پرۆفیسۆر لە زانستی كیمیایی زانكۆی ئەمریكی لە بەیروت وەڵامی ئەو جۆرە دەنگۆیانە دەداتەوە.

كەرەم وتیشی، “لەڕووی كیمیاییەوە، بەستن كار لەسەر گەردەكانی نانەكە ناكات، بۆیە بەستن نابێتەهۆی گۆڕینی پێكهاتەی نان و ماددە خۆراكییەكانی”.

ڕێنمایی هەیە بۆ هەڵگرتنی نان لە ساردكەرەوەدا؟
بەپێی وتەی شانتال حەننا شارەزای لوبنانیی بواری خۆراك باشترە كاتێك نانەكە هەڵدەگریت لە كیسەیەكی پلاستیكی یان بۆكسێكی گونجاو، بەمەرجێك پێوەرەكانی سەلامەتیی خۆراكی تیابێت.

هەروەك بەپێی وتەی بەشیر حەجیج تایبەتمەند لەبواری دروستكردنی نان، بەفرگر دەبێتەهۆی پارێزگاریكردن لە تایبەتمەندییەكانی نان بەشێوەیەكی گونجاو و نابێتەهۆی لەناوچوونی.

دەشڵێت، پاش دەرهێنانی نان لە فڕندا پڕۆسەیەكی سروشتی دەستپێدەكات كە كاریگەریی لەسەر تام و شێ و پێكهاتەكەی دەبێت، ئەم پڕۆسەیە بە ئینگلیزی پێی دەوترێت (Bread staling) بەهۆیەوە ئەگەر لەماوەی دیاریكراودا بەكارنەهێندرێت، تامی تێكدەچێت و لەناودەچێت، دانانی لە بەفرگردا ڕێگری لەم كارە دەكات.

بە وتەی ئەو پاش دەرهێنانیشی لە بەفرگردا، بۆماوەیەك دادەنرێت تا سەهۆڵەكەی دەتوێتەوە و پاشان دەكرێت گەرمبكرێتەوە بەر لە خواردنی.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەربیلی یەكێك بوو لە دەنگە بەسۆزەكان لەیادی ناكەین

بابەتی دواتر

بەرشلۆنە ون بووە و ئارسیناڵ گرێبەستەکە واژۆ دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share